کوردستانێکی نوێ لە سەردەمی یەکێتییەکی جیاوازدا

شیرین یونس

ئەگەر سەیری درووستبوونی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بکەین، دەبینین هەموو سەرکردەکانی زۆر گەنج و خوێنگەرم بوون و بە رۆحیەتێکی زۆر جیاواز و گەنجانە، لە سەختترین کاتدا بڕیاری درووستبوونی ئەو حزبەیان دا، تەنانەت سەدام حسێن هێندە بڕوای بەوە هەبوو کە شتێکیان نەهێشتووەتەوە بەناوی کورد و هیوا، بە لە خۆباییبوونەوە وتبووی ئەگەر دار خورما لەسەر سەری من شین بێت، مام جەلال ناتوانێ چوار چەکدار بنێرێتەوە شاخ.
ئەو بێ ئاگابوو لەوەی کە هێزی گەنج هەموو چاوەڕوانییەکان تێدەپەڕێنێ و لە کورتترین ماوەدا هەزاران فیداکار بە رۆحیەتێکی زۆر بەرزەوە روویان کردە شاخ و لەسەر شێوەی تۆڕیکی نهێنیی فراوان، رێکخستنیان لە شارەکاندا درووستکردەوە و کردیانە بنەمای شۆڕشێکی تۆکمە و دوژمنیان تووشی ئازار و دڵەڕاوکێی زۆر کرد.
ئێمە دەتوانین رۆحیەتی گەنجێتی بە یەکێک لە هۆکارەکانی جیابوونەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی لە باڵی دەستڕۆیشتووی پیری سەرکردایەتی پارتی دابنێین، کە ئەو گەنجانە باوەڕیان بەو شێوازە نەبوو لە حزبایەتی، شۆڕش، سەرکردایەتی و بابەتەکە تەنها رۆحیەتی گەنجێتی بوو، هەروەها بڕوابوون بە کاری پێکەوەیی و رەتکردنەوەی مۆدێلی تاک سەرکردە و بڕیار وەرگرتنی بێ پرس و راوێژ.
ئەگەر بمانەوێ بە وردی توێژینەوە لەسەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکەین، ئەوا زۆر خاڵی سەرنجڕاکێشمان دەستدەکەوێ و زۆر نهێنیمان بۆ رووندەبێتەوە لەسەر گۆڕینی مەحاڵ بۆ سەرکەوتن، شۆڕشی نوێ بە رابەرایەتیی سەرکردەی گەنج هەڤاڵ مام جلال و هاوڕێ گەنجەکانی، شۆڕشێکی تەنها سەربازی یان سیاسی نەبوو، بەڵکوو تەواو تێکەڵ بوو لە سەربازی، سیاسی، رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و…تا. خوێندنەوەی زۆر ورد بۆ باری کۆمەڵایەتیی خەڵکی کوردستان و درووستکردنی گۆڕانکاریی زۆر نەرم و ورد، لەکاتێکدا ناوچەکانی کوردستان هەموویان لە یەک ئاستی رۆشنبیری نەبوون.
ئەوە ئەو خاڵەیە کە پێویستە توێژینەوەی زۆر وردی لەسەر بکرێ، بەڕاستی زۆر قورسە تۆ هەزار دەردت هەبێ و بتەوێ دەردێک چارەسەربکەیت و نیوەی کۆمەڵگەکەت بە جۆرێک لە جۆرەکان ئاسان وەری نەگرن و کاتی بووێت بۆ ئەوەی خۆیان لەگەڵی بگونجێنن، تەنانەت دووژمنیش کاری لەسەر ئەوە دەکرد.
بۆ نموونە بابەتی ئایینی بەکاربهێنرێت بۆ لێدان لەو بزووتنەوە پێشکەوتنخوازەی کە ناوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، بەڵێ یەکێتی هەروەک ناوەکەی یەکێتیی ئومێدی تەواوی خەڵکی باشوور و پارچەکانی دیکەیش بوو، بۆیە دووژمن هەندێک خەڵکی خۆی لە بەرگی مامۆستای ئایینی خزاندبووە ناو کۆمەڵگە تا شۆڕشگێڕەکان بەبێ دین لە قەڵەم بدەن.
دووژمن هەر بەوەندەیش نەوەستا و قێزەونترین تاوانیشی ناولێنا ئەنفال کە سورەتێکی قورئانی پیرۆزە، یەکێتی خەباتێکی نەتەوەیی پەیڕەو دەکرد و رێزی زۆری دادەنا بۆ ئەو کەسانەی کە قورئانیان بەلاوە پیرۆز بوو، بۆیە ئێستایش ئێمە کە پەروەردەی یەکێتین، هەرگیز دژی بۆچوونی ئایینیی میللەتەکەمان نەبووین و نین، بەڵکوو سیاسەتی یەکێتیی هاوکار و پشتیوانی خەڵکی ئایینداری کوردستان بووە. هاوکات خەڵکانی ئایینە جیاوازەکانی دیکەیش لەناو ریزەکانی پێشمەرگەی یەکێتیدا بوون و هەن.
رەخساندنی دەرفەت بۆ کەسانی بۆچوون، ئایین و ئایدۆلۆژیا جیاوازەکان و کۆکردنەوەیان لەناو ریزەکانی یەکێتیدا، وایانکرد ناوبنرێت شۆڕشی نوێ، چونکە بەڕاستی نوێ و جیاواز بوو. ئەو کاتەیش کە شۆڕش گەیشتە ئەنجام و بەرنامەی راپەڕینی دانا و کوردستانی ئازادکرد، یەکێتیی بووە پێشەنگی فەرمانڕەوایی، دەستەبەرکردنی ئازادییەکان، بەشدارییپێکردنی ژنان لە ئۆرگانە جیاوازەکانی حزب، حکومەت و پەرلەماندا و دواتریش بە هەوڵی یەکێتی، سیستمی کۆتا بۆ ژنان جێبەجێکرا.
یەکێتی هەمیشە فاکتەری سەقامگیریی سیاسی، ئەمنی و ئابووری بووە، ئەوەی ئێستایش هەیە کەوا بارودۆخ ناسەقامگیرە و بەشێکی زۆری خەڵکی بێ هیوا بوونە، باوەڕم وایە ئەمجارەیەش یەکێتیی پشتبەستن بە سیاسەتی حەکیمانەی لە مێژینەی سەرۆک مام جەلال، دەبێتە جێگەی هیوای خەڵکی و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدات و لە سایەیدا (کوردستانێکی نوێ) پشتئەستوور بە هێزی خەڵک و رێبەرایەتیکردنی یەکێتی بنیاد دەنرێت و کوردستانەکەمان دوور دەخرێتەوە لە هەر مەترسییەک.

خ.غ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان