بەشوێن ماددە مەكەون، دەستی داماوان بگرن و لەدین لامەدەن

ئەمە چەند دێڕێكە لەو وەسێتنامەیەی شاعیری گەورەی كورد “پێرەمێرد” كە پێش مردنی بۆ هاوزمانەكانی ئەو كاتی خۆی و دوای خۆیشی نوسیویەتی.

پیرەمێرد لە وەسیەتنامەكەیدا دەڵێت:
ئەمجارە ئەمرم، لەمردن ناترسم، ژیانێكی باش و عومرێكی درێژم رابوورد، گەلێ شاران و وڵاتان گەڕاوم، گەورەو پادشاكانم دیوە، تاڵی و سوێری زۆرم چەشتووە، بەنیوە خوێندەواری لەسلێمانی دەرچووم و خوێندنێكی بەرزم هێنایەوە، بەسەربەرزیی دەزانم كە لەڕێی باوەڕی خۆمدا حەپس و زیندانێكی زۆرم دیوە.
لەم وڵاتەدا دوو چاوم هەبووە، یەكێ‌ (زانستی) و یەكێ‌ (ژین)، ئێستا كە ئیتر لەوانەیە كەڵكی خزمەتم پێوە نەمێنێ و ببم بەبار بەسەر خەڵكەوە، روو ئەكەمە قاپی ئەبەدی، روو ئەكەمە قاپی ئەبەدی بەبێ‌ ئەوەی كە ماڵی كەسم خواردبێ، موحتاجی كەس بووبێتم، هیچم پاشەكەوت نەكردووە، هیچیشم لەدوا بەجێ نامینی، چاوم لەدوای خۆم نییە، خۆم بە ئاخر خێر ئەزانم، هەرچەندە یەكانە هیوام ئەوە بوو كە ببینم قەوم و میللەتەكەم پلەیەك لەمە بەرزتر و خوێندەوارترو پێگەشتووتربن، بوو بەگرێ‌ و لەدڵما و نەمدی، لەگەڵ ئەوەشدا بەختیارم، چونكە بۆم دەركەوت كە قەوم و میللەتەكەم لەپێشكەوتنان و هەمووجۆرە توانا و قابیلیەتێكیان تێدایە.
ئامۆژگاریم ئەوەیە بخوێنن، كوڕ و كچ تاخوێندەوار نەبن بێسودە، هەموو شت بەعیلم و فەنەوەیە وەكو وتومە:

لای من بەخوێندەوارییە، ئاە خوێندەوارییە
هەر میللەتێ‌ كە فەنی نەبێ‌ دەردی كارییە
ئاخ خۆزگە خوێندنیش وەك من ئارەزوو ئەكەم
بیبینم و نەبێتە گرێی قورسی كفنەكەم

ئامۆژگاریم ئەوەیە بەشوێن ماددە مەكەون، دنیا زۆر بەگران مەگرن، تائەتوانن خزمەتی راست و بێ‌ موقابیلی قەوم و زمان و وڵاتەكەتان بكەن و دەستی داماوان بگرن و لەدین لامەدەن، خواو پێغەمبەری خۆتان بناسن و رەوشتتان پاك و خاوێن بێ‌.
ئامۆژگاریم ئەوەیە چاپخانەكە مەفەوتێنن، ئەم قەلەندەرخانەیە تێكمەدەن، ئەو یەك دوو كەسانەی ئەم بەینە لەم قەلەندەرخانەیەدا خۆیان داوەتە پەنای من، بێنازیان مەكەن حەقیان بەسەرمەوەیە. رۆژنامەكەش لەدەستمەدەن، چاپخانەكە ئیش پێبكەن، چونكە لەلایەكەوە ناكوژێتەوەو خزمەتی پێئەكرێت، لەلایەكی تریشەوە ئەو جیهەتەی من یارمەتیم داون، بەڵكو بەهۆی ئیشكردنی چاپخانەكەوە ئەو یارمەتییەیان لێنەبڕێت.
ئامۆژگاریم ئەوەیە كە شیعر و نووسینەكانم كۆكرایەوە مەیفەوتێنن، ئیستیفادەی لێئەكرێت، ئامۆژگاریم ئەوەیە (لەگردی یارە) بمنێژن، بۆم مەگرین، ئەگەر زۆر بیرتان كردم جارجارە سەرم لێدەن.
لە كۆتایی وەسێتنامەكەشیدا پیرەمێرد دەڵێت” فائق ئەم ئامۆژگاریانەم بۆ تۆیە و بۆ ئەو كەسانەیە كە بەتەنگمەوەن”.

حاجی تۆفیق بەگ كوڕی مەحموود ئاغا كوڕی هەمزاغای مەسرەف، ناسراو بە پیرەمێرد، 83 ساڵ ژیاوە، لە ساڵی 1867 لەدایكبووە و لە 19ی حوزەیرانی 1950 كۆچی دوایی كردووە، وەسیەتنامەكەشی لە تەمەنی 80 ساڵیدا نوسیوە، واتا سێ‌ ساڵ پێش مردنی.
ئامادەكردن: ئەرسەلان پەرۆش

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان