مەودا میدیا-
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان پەیامێکی ئاڕاستەی سەرجەم دەزگاکانی میدیای بینراو و بیستراو کرد و دوا دەکات پابەندی بنەماکانی کاری میدیایی بن لەم دۆخە هەستیارەدا.
وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند “پێویستە کەناڵەکانی راگەیاندن لە کاتی رووماڵکردنی رووداوە ئەمنییەکان و هێرشە درۆنییەکاندا پابەندی یاسا بن و خۆیان لە تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و بازاڕ بەدوور بگرن”.
وەزارەتی رۆشنبیریی چوار خاڵی بۆ چوارچێوەی کاری میدیاکان دیاریکردووە:
1- پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی: پابەندبوون بە رێکارە پیشەییەکان بۆ ئەوەی رووماڵی رووداوەکان نەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری، هەروەها بەدووربوون لە بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە زانیاری و وێنە یان ڤیدیۆیەکی نادروست ببێتە هۆی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لای هاووڵاتییان.
2- پابەندبوون بە وەرگرتنی زانیاری بەتەنها لە سەرچاوە فەرمییەکان.
3- پاراستنی سەقامگیریی بازاڕ و باری ئابووری: خۆبەدوورگرتن لەو جۆرە رووماڵانەی دەبنە هۆی تێکچوونی دۆخی ئابووری و دروستکردنی پشێوی لە بازاڕەکان یان گرانبوونی نرخەکان، چونکە میدیا بەرپرسە لە رێگریکردن لەو کاریگەرییە نەرێنییانەی لەسەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان دروست دەبن.
4- لێپرسینەوەی یاسایی: هەر سەرپێچییەک لەم خاڵانەی سەرەوە و لەو بنەما یاساییانەی لە رێنمایی ژمارە یەکی ساڵی 2014دا هاتوون، کەناڵەکە رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەکاتەوە و رێکاری پێویستی بەرانبەر دەگیرێتەبەر.
ب ح