سەرۆکی یەکێتی لەسەر هێرشەکان بە تووندی هاتەدەنگ

مەودا میدیا-

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرایکرد شەوی رابردوو، ئاسایش و سەروەریی نەتەوەکەمان رووبەڕووی پێشێلکارییەکی گەورە و قبوڵنەکراو بووەوە، هێرشێکی موشەکی بالیستی، کە لە ئێرانەوە هاوێژرا، نیشتمانەکەمان و هێزە ئەمنییە قارەمانەکانمانى کردە ئامانج.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند “کاری هەرە لەپێشینەمان بریتییە لە سەلامەتی، خۆشگوزەرانی و پاراستنی هاوڵاتیانمان. دەزگا فریاگوزارییەکان و هێزەکانی بەرگری بە تەواوی خراونەتە گەڕ و بێوچان کار دەکەن بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش لە سەرتاسەری وڵاتدا، لەم کاتە سەختەدا شانبەشانی براکانمان لە هەولێر دەوەستین و هێرشکردنە سەر هەر یەکێکمان هێرشە بۆ سەر هەموومان”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “داوا لە هەمووان دەکەین کە ئارام و چاوکراوە بن و پابەندی رێنماییە فەرمییەکانی دەزگا ئەمنییەکانمان بن، هەموومان پێکەوە بە خۆڕاگری و رژدبوونمانەوە دەوەستین،”.

ئەوەشی خستەڕوو “ئەم کردەوە شەڕانگێزییە بەئەنقەستە، پێشێلکارییەکی توندی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ئاڵۆزکردنێکی بێ پاساوە، بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەم هێرشە دەکەین، با ئەوە روون بێت: بەئامانجگرتنی نەتەوەکەمان بە تەواوی قبوڵنەکراوە، سەلامەتیی گەلەکەمان هێڵێکی سوورە کە ناتوانرێت پێشێل بکرێت”.

باسی لەوەشکرد “ئێمە بەدوای پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزیدا ناگەڕێین و خوازیاری ناسەقامگیریی زیاتریش نین لە ناوچەکەدا، بەڵام نابێت دانبەخۆداگرتنمان بە کەمبوونی ورە یان بێتوانایی لێکبدرێتەوە، ئێمە بەشێوەیەکی چالاکانە لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان لە هەماهەنگیداین بۆ دەستەبەرکردنی وەڵامێکی دیپلۆماسی و بەرگریکردنێکی ژیرانە، یەکلاکەرەوە و بەهێز بۆ پاراستنی نەتەوەکەمان”.

وتیشی “ئێمە داوای راگرتنی دەستبەجێی ئەم کردەوە دوژمنکارییانە دەکەین و داوای روونکردنەوەی دەستبەجێ دەکەین سەبارەت بەم پێشێلکارییانە، سەرنجی ئێمە بە تەواوی لەسەر بەرگری، هێورکردنەوەی دۆخەکە و پاراستنی تەواوی هاوڵاتییانمان دەمێنێتەوە”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان