مەودا میدیا-
بەهۆی ئەگەرەكانی بەرزكردنەوەی رێژەی سوودی بانكی و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارەوە لە ماوەی تەنها 24 كاتژمێردا نرخی یەك ئۆنسە زێڕ زیاتر لە 100 دۆلار دابەزیوە.
پێشڕەو محەممەد، شارەزای بازاڕە داراییەكان بە مەودا میدیای راگەیاند” چاوەڕێ دەكرا دوای رێككەوتنەكەی نێوان ئەمەریكا و ئێران نرخی زێڕ بە شێوەەكی بەرچاو بەرزببێتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە زیاتر دابەزی و واژۆكردنی رێكەوتنەكەش نەیتوانی فریای نرخی ئەو كانزایە بكەوێت”.
وتیشی” لە مانگی 12ـی ئەمساڵدا بانكی ناوەندی بڕیار لە بارەی رێژەی سوودی بانكییەوە دەدات و هەموو چاوەڕوانی و ئەگەرەكانیش بۆ ئەوەن كە ڕێژەكە بەرزدەكرێتەوە، ئەوەش بووەتە هۆكاری دابەزینی نرخی زێڕ و پێدەچێت تا ئەو كاتە بەردەوام بێت لە دابەزین ئەگەر هیچ پێشهاتێكی نوێ روونەدات”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد” پێویستە مامەڵەكاران لەم كاتەدا بە هەموو شێوەیەك خۆیان لە كڕینی زێڕ بەدوور بگرن بۆئەوەی تووشی زەرەر نەبن”.
لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا نرخی زێڕ زیاتر لە 100 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەك دابەزیوە ئەویش دوای ئەوەی دوێنێ یەك ئۆنسە بە 4,198 دۆلار مامەڵەی پێوە دەكرا، بەڵام ئێستا دابەزیوە بۆ4,094 دۆلار”.
ئ پ