عەتا سەراوی: پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتی بوێرانە و گرنگە

مەودا میدیا-

ئەندامێکی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرایکرد پشتیوانی لە پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی دەکات و پەیامەکە بەتەواوی سەربەخۆیی سیاسەتی یەکێتی دەسەلمێنێت، لە ھەمانکاتدا ئێران سەدان کیلۆمەتر ھاوسنووری ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی یەکێتییە و ھەڕەشەیی ھێرشی زەمینی دەکات.

عەتا سەراوی، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند “بوێریی و ھەڵوێستی بافڵ جەلال تاڵەبانی بەڕوونی بە دۆست و دوژمن ئەڵێ کە یەکێتی بەرژەوەندی نەتەویی و نیشتیمانی لەسەروو ھەموو بەرژەوەندییەکی حزبییەوەیە و لە ھەمانکاتدا پەیامێکە بۆ پارتی کە ھەولێر و سلێمانی یەک جەستەن و ھیچ پڕوپاگەندەیەک ناتوانێ بوختانی نییەتی دوو ئیدارەیی بداتە پاڵ یەکێتی”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بافڵ جەلال تاڵەبانی تۆپەکەی خستە گۆڕەپانی بارزانی و ئەرکی ئەوە کە ئێستاو بێ دواکەوتن وەڵامێکی بەرپرسیارانەی ھاوشێوەی تاڵەبانی ھەبێت بۆ رێگری لەو مەترسییانە، ھاوپەیمانی یەکێتی و نەوێ نوێ قبوڵ بکات و ھەرچی زووە لەسەر پێکھێنانی حکومەتی ھەرێم پێک بێن”.

ئەوەشی خستەڕوو “وێڕایی مەترسییەکانی دوای ئەم پەیامە لەلایەن ئێران و ھاوپەیمانەکانی، بەڵام بەدەستھێنانی پشتگیریی ھەموو گەلی کورد لەو ھەڵوێستە نیشتیمانییە زۆر بەھێزترە لەھەڕەشەیی نەیارانی گەلی کورد، لەوسۆنگەوە ھیواخوازە چیتر ھیچ بیانوویەک نەمێنێ بۆ یەکبوون و یەکڕیزیی گەلی کورد”.

باسی لەوەشکرد “پێویستە پارتی و بارزانی ئەم پەیامە جوامێرانەی تاڵەبانی کوڕ بەھەند وەرگرن و بە ھەمان رۆحییەتی بەرپرسیارانە و نیشتیمانییانە بەدەم ئەم پەیامە گرنگ و مێژووییەوە بێن، ئەگەر نا دەرئەنجام بەرپرسیارییەتی مێژوویی لە ئەستۆی ئەوان دەبێت”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان