مەودا میدیا-
بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عیراق ئاشکرایکرد لەپێناو ماف و شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی بەردەوامدابوون و خۆشبەختانە هەوڵەکانیان گەیشتووەتە ئەنجام.
سروە محەمەد رەشید، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عیراق بەمەودا میدیای راگەیاند “لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیان و لەپێناو پاراستنی مافە رەواکانی جووتیاران لە رێگەی ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانەوە، داواکارییان ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی و خێرا بۆ کێشەی شایستە داراییەکانی (مستەحەقاتی) جووتیاران”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “خۆشبەختانە، دوای بەدواداچوونی چڕ و جددی لەسەر ئەم پرسە، بڕیاری کۆتایی درا بە چارەسەرکردنی تەواوەتی کێشەی شایستە داراییەکانی جووتیاران و خەرجکردنی شایستەکانیان، ئەم دەستکەوتە مافێکی سەرەتایی و شایستەی جووتیارانە کە خزمەتێکی گەورە بە ئابووری و کەرتی کشتوکاڵ دەکەن”.
ب ح