مەودا میدیا-
وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرایکرد ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر پێشنیازی لیژنەیەکی تایبەت بە چۆنیەتی رێکخستنی ماوەی خزمەت، رەزامەندی لەسەر پەسەندکردنی کۆنووسی هەژمارکردنی ماوەی خزمەتی سەربازی و ئەمنی بە شێوازی (ساڵێک بە دوو ساڵ) “دوو چەندانە” دەربڕی، ئەم بڕیارە بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی راژە و پاراستنی مافی یاسایی و دارایی فەرمانبەران و کارمەندانی گشت دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی هەرێم دراوە.
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند “بەپێی ناوەرۆکی نووسراوەکە کە ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجوومەن و دەزگای ئاسایشی هەرێم کراوە، ماوەی هەژمارکردنی ئەم خزمەتە لە (4ی تەمموزی 1992)، لە راگەیاندنی یەکەم کابینەی حکومەتەوە دەستپێدەکات تاوەکو کۆتایهێنان بە راژەکانیان، هەروەها پاڵپشت بە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، دوا وادە بۆ هەژمارکردنی ئەم خزمەتە بە شێوازی ساڵێک بە دوو ساڵ تاوەکو (31ی کانوونی یەکەمی 2024) دیاریکراوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “پرۆسەی هەژمارکردنی ئەم خزمەتە بە مەرجێک دەبێت کە کارمەند یان ئەفسەرەکە خانەنشینی ئەو ساڵانە لە مووچەی بنەڕەتی بداتەوە. بەپێی زانیارییەکان، هەر پێشمەرگەیەک پێویستە 10%ی مووچەی بنەڕەتیی ( 10 ساڵ) بداتەوە کە دەکاتە نزیکەی (سێ ملیۆن و 936 هەزار دینار)، بۆ ئەفسەرانیش بڕەکە دەگاتە (شەش ملیۆن و 336 هەزار دینار) سەرەڕای ئەوەش، جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە زۆرەملێ نییە و بابەتێکی ئارەزوومەندانەیە، بەجۆرێک کە پێویستە فەرمانبەر یان ئەفسەرەکە خۆی داواکاری فەرمی بۆ هەژمارکردنی ئاراستەی فەرمانگەکەی بکات”.
ئەوەشی خستەڕوو “سەبارەت بە گواستنەوەی ڕاژە، بڕیارەکە جیاوازی لەنێوان سێکتەرەکاندا دەکات؛ بەجۆرێک ئەو کەسانەی لە هێزە سەربازی و ئەمنیەکانەوە ڕاژەکەیان بۆ بەشی شارستانی گوێزراوەتەوە یان دەگوێزرێتەوە، هەژمارکردنی ساڵێک بە دوو ساڵ نەیانگرێتەوە، بەڵام ئەو کارمەند و ئەفسەرانەی میلاکیان لەنێوان دامەزراوە سەربازی و ئەمنیەکانی وەک پێشمەرگە، ناوخۆ و ئاسایشدا دەگوێزرێتەوە، مافی هەژمارکردنی خزمەتەکەیان بە ساڵێک بە دوو ساڵ بۆ دەپارێزرێت”.
ب ح