هیچ هەواڵێك بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز نییە

مەودا میدیا-
دانوستانەكان بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕ لە ناوچەكە بە هۆی لێدوانە دژبەیەكەكانی ئێران و ئەمەریكا سەبارەت بە پرسی هورمز تا ئێستا بە نادیاری ماوەتەوە و تارانیش ئامادە نییە بە ئاسانی ئەو رێرەوە ئاوییە بكاتەوە.

هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا ئێوارەی رۆژی دووشەممە دووپاتی كردەوە كە گەرووەكە دوای لابردنی مینەكان كراوەیە، بەڵام ئەوە تەنها وەك قسەیەكی بێكردار ماوەتەوە و هیچ كەشتییەك بەبێ‌ مۆڵەتی ئێران ناتوانێت گەرووەكە تێپەڕێنێت.

هاوكات عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هەریەك لە محەممەد ئیسحاق دار، هاوتا پاكستانییەكەی و یۆهان وادەفول، هاوتا ئەڵمانییەكەی باسی لە بارودۆخی گەرووی هورمز و دانوستانەكانی ئێران و عومان سەبارەت بە كردنەوەی رێڕەوی نوێی كەشتیوانی كرد كە بڕیارە رێڕەوەكە ببێتە جێگرەوەیەكی بەهێزی گەرووی هورمز، بەڵام لە بارەی كردنەوەی گەرووی هورمزەوە هیچ هەواڵێكی دڵخۆشكەری پێنەداون.

ئەوەش لە كاتێكدایە كە لە دوای هێرشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئێران تا ئێستا ئەو وڵاتە گەرووی هورمزی داخستووە و تا ئێستاش بە مۆڵەتی ئێران نەبێت هیچ كەشتییەك نەیتوانیوە و ناتوانێت رێڕەوەكە تێپەڕێنێت، بەو هۆیەشەوە نرخی شتومەك و سووتەمەنی بە تایبەت لە بازاڕەكانی ئەوروپا و جیهان بەرزبووەتەوە و تا ئەو كاتەش ئەو گەرووە بە داخراوی بمێنێتەوە نرخ ناجێگیر دەبێت و بە بەرزی دەمێنێتەوە.
ئەرسەلان پەرۆش

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان