مهودا میدیا-
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمهریکا ئاشکرای کرد، مانگی رابردوو بە نهێنی تورکیای بە فڕۆکەیەکی تر جگە لە هێزی ئاسمانی بهجێهێشتووه، ئەوەش بە رێنماییەکانی دەزگای نهێنیی و سوپای ئەمهریکا بەهۆی هەڕەشەی ئەمنیەوە بووه.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتی رۆیشتنی لە تورکیا، پابەندی رێنماییەکانی دەزگا ئەمنیی و سەربازییەکانی بووە.
وتیشى “من پابەندی رێنماییەکانی دەزگای نهێنیی و سەربازی بووم، ئەوان دەیانویست بە گەشتێکی جیاواز، بە فڕۆکەیەکی جیاواز گەشت بکەم، من نەمدەتوانی جگە لەوەی وتیان هیچی تر بکەم”.
لێدوانەکانی ترەمپ وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنێکی نائاسایی ئەمنی پشتڕاستکردەوە، کە بۆ یەکەمجار رۆژی دووشەممە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئاشکرایکرد، سەبارەت بە رۆشتنی سەرۆکی ئەمهریکا لە 8ی تەمموز بۆ تورکیا.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانی واشنتۆن پۆست، دەسەڵاتدارانی ئەمهریکا ئەو فڕۆکە ئایکۆنییەی سەرۆکایەتیی ئەمهریکایان وەک فێڵێک بەکارهێناوە بۆ شاردنەوەی شوێنی راستەقینەی ترەمپ، لەکاتێکدا سەرۆک بەنهێنی گواسترایەوە بۆ فڕۆکەیەکی تری سەربازیی و فڕینی بۆ بەریتانیا.
ئۆپەراسیۆنەکە لە فڕۆکەخانەی ئەنكهرە بە شێوەیەکی روتینی دەستیپێکرد و ترەمپ لەبەردەم کامێراکاندا سواری فڕۆکەی جۆری ئایر فۆرس یەک بوو، فڕۆکەیەکی جۆری بۆینگ 747 کە رەنگی سەرۆکایەتییەکەی لەسەر بوو، بەڵام چەند خولەکێک دواتر پلانەکە گۆڕا دوور لە روانگەی میدیاکان.
بەپێی وتەی بەرپرسێکی ئەمهریکی، ترەمپ و چەند یاریدەدەرێکی بە نهێنیی لە هێزی ئاسمانی یەکەوە گواستراونەتەوە بە بەکارهێنانی بارهەڵگرێکی خواردن لە فڕۆکەخانە، ئەو جۆرەی کە بە شێوەیەکی گشتیی بۆ گواستنەوەی ژەمەکان و پێداویستییەکان بۆ فڕۆکەکان بەکاردەهێنرێت.
کۆنتێنەری بارهەڵگرەکە بەرزکرایەوە بۆ دەرگایەک لە دیوی بەرانبەری فڕۆکەکە، دوور لەو دەرگایەی کە میدیاکان بەکاریان دەهێنا، پێش ئەوەی ترەمپ بگوازرێتەوە بۆ فڕۆکەیەکی سەربازیی بچووکتری C-32A، کە وەشانێکی دەستکاریکراوی فڕۆکەی بۆینگ 757 بوو کە بۆ گواستنەوەی بەرپرسانی باڵای ئەمهریکا بەکاردەهێنرا.
ع