مەودا میدیا-
ئەندامێکی پەرلەمانی عیراق سەبارەت بە گرانی نرخی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد هەوڵەکانی لیژنەکەیان لە پەرلەمان بۆ دابەزانی نرخی بەنزین بەردەوامە و دەستبەرداری ئەم بابەتە نابن، هەفتەی داهاتوو راپۆرتی خۆیان لەبارەی چۆنییەتی مامەڵەکردن بە 50 هەزار بەرمیل نەوتەکە بەرزدەکەنەوە.
د.غالب محەمەد عەلی، ئەندامی پەرلەمانی عیراق بە مەودا میدیای راگەیاند “هەفتەی داهاتوو لەسەر 50 هەزار بەرمیل نەوتەکە لیژنەکەیان بڕیاری خۆی دەدات و دڵنیابن هەموو کارێک دەکەن لە بەرژەوەندیی خەڵک بێت، بەڵام بەرپرسانی هەرێم و نوێنەرەکانیان لە بەغدا، هەواڵی ناڕاست بەناوی بەرپرسانی عیراقەوە بڵاودەکەنەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “دوو رۆژ پێش ئێستا بە روونی داواکاریی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانیان بە نوێنەرەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان گەیاندووە، لەبەردەم 25 پەرلەمانتاردا وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند ئامادەیە لە بەرانبەر 50 هەزار بەرمیل نەوتەکە (بەنزین بە نرخی 450 دینار، گاز بە 400 دینار و بەرمیلی نەوت بە 31 هەزار و 500 دینار) بۆ هاوڵاتییانی هەرێم دابین بکات”.
ب ح