بەهای تمەنی ئێرانی بەجارێ‌ داڕما و ریكۆردێكی نوێی تۆمار كرد

مەودا میدیا-
تمەنی ئێرانی تووشی داڕمانێكی دیكەی مێژوویی بووەوە لە بەرامبەر دۆلاری ئەمەریكیدا، ئەوەش بەهۆی ئەو سزا ئابوورییە توندانەی كە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاوە بەسەر تاراندا سەپێنراون.

ئەمڕۆ سیشەممە 1ـی ئەیلول، لە بازاڕەكانی تاران نرخی 100 دۆلاری ئەمەریكی گەیشتە سەروو 21 ملیۆن تمەنی ئێرانی.

ئەوەش لە كاتێكدایە كە ئێستا تمەنی ئێران بەدەست هەڵاوسانێكی فراوان و خێراوە دەناڵێنێت بەهۆی كاریگەریی ئەو سزایانەی كە واشنتۆن بەسەر وڵاتەكەیدا سەپاندووە و وەك “توندترین سزا لە مێژوودا” ناوزەندی كردوون.

داڕمانی تمەن بەرامبەر بە دۆلار بۆ ئەم نرخەی ئێستا بۆ یەكەمجارە لە مێژووی وڵاتەكەدا روودەدات، بەوەش ریكۆردێكی نوێی لە دابەزینی بەهاكەی تۆمار كرد، وەك شارەزایانیش ئاماژەی پێدەكەن” پێدەچێت داڕمانەكە لەوێدا نەوەستێت و لەوەش زیاتر بەهاكەی لەدەست بدات”.

ئەوەش لە كاتێكدایە كە بەرزترین ئاستی بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریكی لە مێژووی هاوچەرخدا لە نێوان ساڵانی 1930 تا 1932 بووە كە ئەوەش لە كاتی جێگیركردنی رەسمی دراو لە سەردەمی رەزا شا-دا بووە كە هەر یەك دۆلاری ئەمەریكی بەرامبەر تەنیا نزیكەی چوار بۆ پێنج تمەن بووە، بەڵام ئێستا بەهای یەك دۆلار 210,000 تمەنە كە ئەوەش جیاوازییەكی زۆر و شۆكهێنەرە.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان