لە دەربەندیخان بەنزین بە كارتی زانیاری و تاك و جووت دابەش دەكرێت

مەودا میدیا-
بە مەبەستی كەمكردنەوەی قەرەباڵغی لە بەنزینخانەكانی قەزاكەدا، قایمقامی دەربەندیخان بڕیاریدا خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتی پرۆسەی دابەشكردنی بەنزین لە قەزاكە بكات و سەرپێچیكارانیش دەدەن.

بەپێی راگەیەنراوێكی قایمقامیەتی قەزای دەربەندیخان” ئامانج محەمەد، قایمقامی قەزاكە خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتیی پرۆسەی دابەشكردنی بەنزینی گرتووەتە ئەستۆ و بە هاوكاری هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش رێكاری توندیان بۆ رێكخستن و كۆنترۆڵكردنی پرۆسەكە گرتووەتەبەر”.

لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە” دەركەوتووە كە ژمارەیەك ئۆتۆمبێل لە رۆژێكدا چەند جارێك بەنزینیان وەرگرتووە، بۆیە قایمقامی دەربەندیخان فەرمانیداوە دەست بەسەر ژمارەیەك ئۆتۆمبێلدا بگرن”.

باسی لەوەش كردووە” بڕی بەنزینی پاڵپشتی‌كراو تەنها تایبەتە بە شۆفێرانی دەربەندیخان و هیچ شۆفێرێك لە دەرەوەی سنووری دەربەندیخان مافی وەرگرتنی ئەم بەنزینەی نییە و دەتوانن سود لەبەنزینی پاڵپشتی كراوی سنورەكەی خۆیان ببینن”.

هاوكات هەر بەپێی ئاگاداركردنەوەیەكی تری قائیمقامیەتی قەزای دەربەندیخان” دابەشكردنی بڕی بەنزینی پاڵپشتیكراو بە شێوازی (تاك و جووت) بەردەوام دەبێت و مەرجە هەر شۆفێرێك كارتی زانیاری دەربەندیخانی پێبێت بۆ وەرگرتنی بڕی دیاریكراوی بەنزین بە پێچەوانەوە بەنزینی پێنادرێت”.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان