مەودا میدیا-
پارتی چاکسازیی تورکمان سەبارەت بە ژنێکی تورکمانی لە قەڵای هەولێر پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد لەم رۆژانەی دواییدا لە تۆرەکانی سۆشیاڵ میدیاوە هێرشێکی نابەرپرسانە دەکرێتە سەر هاوڵاتییانی پێکهاتەی تورکمان و بە ئاشکرا ناحەزانی پێکەوەژیان و ئەوانەی باوەڕیان بە کەلتوری پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان نییە، هەوڵ بۆ ناشیرینکردن و سرینەوەی شوناس و مێژوو و رەسانایەتی پێکهاتەی دێرینی نەتەوەیی تورکمان دەدەن.
پارتی چاکسازیی تورکمان رایگەیاند”پێکهاتەی تورکمان نەتەوەیەکی رەسەن و خاوەن مێژوو و شوناسی ئەم نیشتیمانەیە و دووەمین نەتەوەیە لە دوای نەتەوەی کورد لە هەرێمی کوردستان، ئەمە لە یاسا بەرکارەکانی هەرێم و دەستوری هەمیشەیی عیراقدا دەقنوس کراوە و بۆ هەمیشە بوونەتە قەڵغانێک بۆ پێکهاتەی تورکمانی”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “دەیانەوێ بە بیر هەموو لایەکی بهێنینەوە کە لە هەرێمی کوردستان پێکهاتەکان زۆر بە ئازادانە دەتوانن گوزارشت لە بیر و بۆچۆن و تێروانینی خۆیان بکەن، لە پەرلەمانی کوردستان نوێنەری پێکهاتە جیاوازەکان بە سیستەمی کۆتا ئامادەییان هەیە”.
ئەوەشی خستەڕوو “تورکمان لە کابینەی حکومەت بە وەزارەتیان هەیە، و لە رووی پەروەردەوە، خوێندن بە زمانی نەتەوەیی تورکمانی دەستەبەرکراوە، چەندین قوتابخانە بوونیان هەیە و سیستمی خوێندیان بە زمانی خودی پێکهاتە نەتەوەییەکانە، دەتوانن بڵێن کە رەوشی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان زۆر باشە و گیانی لێبوردەیی و یەکتر قەبوڵکردن و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان بەهێز و پتەوە و بەو هەوڵە بچووکانە تێکناچێت”.
باسی لەوەشکرد “پێکەوەژیان و رێزگرتن لە جیاوازییەکان، بنەمای سەقامگیری و پێشکەوتنی کۆمەڵگایە، پاراستنی ماف و کەرامەتی هەموو پێکهاتەکان و دابینکردنی یەکسانی لە چوارچێوەی یاسا، ئەرکێکی هاوبەشیی هەمووانە”.
وتیشی “داوا لەسەرجەم لایەنە سیاسیەکان، دەزگاکانی راگەیاندن، تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیا دەکەن کە هاوکار و هەماهەنگ بن و بەرپرسانە مامەڵە بکەن و نەبنە سکۆیەک بۆ تێکدانی پێکەوەژیان و لێک دوورکەوەتنەوەی پێکهاتە رەسەنەکانی هەرێمی کوردستان”.
ب ح