مەودا میدیا-
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عیراق ئاشکرایکرد کێشەی مووچە بەرەو چارەسەر دەچێت و داوا دەکەن لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027دا، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجیی راستەقینە دەربهێنرێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عیراق رایگەیاند “حکومەتی هەرێم بە رادەستکردنی داهاتی نانەوتیی و وردبینیکردن لە لیستی مووچەخۆراندا، تەواوی ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی بەرانبەر حکوومەتی فیدراڵی جێبەجێ کردووە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ” لە ئێستادا هیچ پاساوێک بۆ بەغدا نەماوەتەوە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران دوا بخات و کێشەکە بەرەو چارەسەری کۆتایی دەچێت، بۆیە دەبێت بژێویی ژیانی خەڵک و مووچەی فەرمانبەران بە تەواوی لە ململانێ سیاسییەکان جیا بکرێتەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو “شاندی دانووستانکاری هەرێم بە داتا و ژمارە هەموو راستییەکانی خستووەتە بەردەم وەزارەتی دارایی عیراق، پرۆسەی بایۆمەتری و بەبانکیکردنی مووچە قۆناغێکی زۆر باشی بڕیوە، ئەمەش وای کردووە متمانەیەکی زیاتر لە نێوان هەردوو حکومەتدا دروست ببێت”.
ب ح