خۆمان و بەس

عەبدوڵڵا کۆمەڵە

لە سەروبەندی ئامادەکارییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ پەلاماردان و رووخاندنی دەسەڵاتی بەعس و خۆسازدانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی و پارتە کوردییەکان بەتایبەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە و چنینەوەی دەستکەوتەکانی دوای ئەو پرۆسەیە، داڕشتنەوەی بنەماکانی دەوڵەتی تازەی عیراق و پەیوەندیی کورد و دەستکەوتەکانی بە سیستمی نوێوە.

کۆبوونەوەکانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی لە دەرەوەی وڵات و هێزە کوردییەکان لە ناوەوە بە بەشداریی هەندێک لە لایەنە شیعەکان کە ئەوانیش هەندێک لە سەرکردایەتی و هێزەکانیان هێنابووەوە کوردستان، بۆ ئەوەی راستەوخۆ بەشداریی پرۆسەی رزگاریی عیراق بکەن. هەر لەو کاتەدا بوو، سەرۆک مام جەلال بەراوردکارییە ناوازەکەی بۆ بەرەی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی داهێنابوو، ئەویش بە دابەشکردنیان بۆ دوو بەش “معارضة الخنادق و معارضة الفنادق”، “بەرهەڵستکارانی ناو سەنگەرەکان و بەرهەڵستکارانی ناو هۆتێلەکان”.

لە یەکێ لەو کۆبوونەوانەدا کە سەرۆک مام جەلال بۆ گرووپێک لە فەرماندە و ئەفسەرانی هێزەکانی پێشمەرگە لە قەڵاچواڵان ئەنجامیدا، بۆ شیکردنەوەی بارودۆخەکە و ئەرکە نوێکانمان لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە.

یەکێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە پرسیاری ئەوەی لە مام جەلال کرد “گرەنتی چییە ئەگەر ئەم پارتە ئۆپۆزسیۆنانەی ئێستا، دوای رووخانی دەسەڵاتی بەعس جڵەوی دەسەڵات دەگرنە دەست، لە سەدام و دام ودەستەکەی خراپتر نابن بۆ کورد؟”. وەڵامەکەی مام جەلال پێچەوانەی تێگەیشتن و بۆچوونی بەشی زۆری ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە و بگرە سەرجەم هاوڵاتییانی کوردستانیش بوو.

مام بە یەک وشە وتی: هیچ.

لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەی روونکردەوە “گرەنتی تەنها یەکبوونی خۆمانە”، ئەگەر خۆمان یەکگرتووبین، ئەوا هەموو دنیا دەبێتە پاڵپشتمان و گرەنتیی پاراستنمان دەکات، بەڵام ئەگەر خۆمان خۆخۆر و دژ بەیەک بین، هەموو دنیا پشتگیریمان بکات، ناتوانن گرەنتیی پاراستن و مانەوەمان بکەن.

لەڕاستیدا هیچ گرەنتییەکیی سیاسی بۆ هیچ گرووپ و رەچەڵەک و رەگەزێک لەم سەر زەوییەدا بوونی نییە، هەموو گەلانی دنیا خۆیان گرەنتیی مانەوە و بوونی قەوارەی خۆیان دەکەن.

ئایا شتگەلێک کە گرەنتی مانەوە و پاراستنی ئێمەیە و کەچی نیمانە چییە؟

١. متمانە و یەکگرتوویی نێوان هەموو پێکهاتە سیاسییەکان: بەداخەوە ئێمە نەک یەکڕیز و یەکگرتوو نین، بگرە لە ناوەندە گەورەکانی دەسەڵاتی جیهانیدا راپۆرت لە دژی یەک دەنووسین.

٢. یاسای بنەڕەتی: دەستوور چوارچێوەیەکی گشتی و بنەڕەتی بۆ یاساکان و شێوازی حکومڕانی و شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات دیاریدەکات. ئەوە دەستوورە وایکردووە لە دوای پرۆسەی رزگارییەوە هەتا ئێستا عیراقییەکان هەشت جار سەرۆک وەزیران لەم وڵاتەدا بگۆڕن، بەڵام لای ئێمە ئەمیش بووەتە قوربانیی لایەنە سیاسییەکان و تەنانەت بەهۆی درووستکردنی کۆمەڵێک قەیرانەوە، لە بیر خەڵکیشیان بردووەتەوە.

٣. حکومەتێکی هەڵبژێردراوی بنکە فراوان کە هەموو خەڵک بە هی خۆی بزانێت: ئەمەشیان نەک هەر نیمانە، بگرە هەڵبژاردن و دیموکراسیمان کردووەتە پەندی زەمانە و ریسوامان کردووە.

٤. دادگای سەربەخۆ: بەداخەوە دادگاکانمان نەک سەربەخۆ نین، بگرە زۆر جار دادوەریی ناو دیوەخانەکان لە دادپرسی دادگاکان بەهێزتر و گرەنتیکراوترن.

٥. پەیوەندییە دەرەکییەکان: لەمەشیاندا لە عەجایبی سیاسی دەچین نەک لە سیستمی سیاسی و دەسەڵاتداری، بۆ نموونە ئەگەر شاندێکی دەرەکی بێتە وڵاتەکەمان، دەبێت لە هەولێرەوە خۆی پیابکات و لە گوڵەخانەوە دەرچێت.

٦. خزمەتگوزاری: ئەگەر خزمەتگوزارییەکان وەکوو پێویستیش نەبن، رەنگە کورد بەوە قایل بێت کە دەڵێن “لە زۆر زۆر و لە کەم کەم، بەڵام کێشەی گەورە ئەو هەموو نایەکسانییەیە، کە لەنێوان شار و دەڤەرە جیاوازەکاندا دەکرێت، بە دوو دەڤەرە تازەکەیشەوە”.

٧. بێ متمانەیی ئەمنی و سەربازی هەر باس ناکرێن.

ئەم خاڵانە هۆکاری لاوازبوونی قەوارەی هەرێمن نەک هەندێ قسەی بازاڕی کە دەکرێن؛ کەسمان لە پشت نییە، رۆژئاواییەکان درۆمان لەگەڵ دەکەن و دەمانفرۆشن و…هتد.

لە کۆتاییدا ئەم وتەیەی شەهید ئازاد مستەفا دەکەمە پاڵپشتی وتەکەی سەرۆک مام جەلال:

با بۆ ئازادی یەکبگرین تا ژێر دەستی یەکی نەخستووین.

خ.غ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان