ژیان جەلال مەحمود
فەرەنسا، یەکێکە لەو دەوڵەتانەی پێگەیەکی گرنگ و کاریگەری هەیە لە مێژووی سیاسی و یاسایی وڵاتانی جیهاندا، بەو پێیەی ناوی فەرەنسا پەیوەستە بە رووداوێکی گرنگیی مێژوویی ئەویش شۆڕشی فەرەنسییە لە ساڵی ۱۷٨۹، کە بە خاڵی وەرچەرخان دادەنرێت لە داڕشتنەوەی تێگەیشتنی نوێ لە سیاسەتی جیهانی و مافی مرۆڤ و دەسەڵات و فۆرمی حکومڕانی و سەروەریی یاسا، بەجۆرێک کاریگەریی دەرهاویشتەکانی ئەم شۆڕشە هەر زوو کۆمەڵگەی فەرەنسی تێپەڕاند و بازیدا بۆ زۆرینەی وڵاتانی جیهان، بەجۆرێک دروشمەکانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، مافی مرۆڤ، دیموکراتی کە وەک میراتی شۆڕشی فەرەنسی تەماشا دەکرێت، بەڵام لە ئێستادا دژیەکی و ئاڵنگارییە کردەییەکانی ئەم چەمکانە لە واقیعی فەرەنسادا دەبینرێت، کە پێویستی بە خوێندنەوەیەکی هاوچەرخانە هەیه؛ لە کاتێکدا فەرەنسا بە داینەمۆی گەشەسەندی بیری سیاسیی نوێ و بەگژداچوونەوەی حکومڕانی پاشایەتیی رەها و گۆڕینی بۆ حکومڕانییەکی کۆماری و برەودان بە بەشداریی سیاسی و بونیادنانی دەوڵەتی یاسا و دامەزراوەیی ناودەبرێت، بەڵام لە ئێستادا تەوقی کۆمەڵێک قەیران و گرژیی و ئاڵۆزییە، لەڕێی بەرزکردنەوەی دەنگی ناڕەزایەتیی و رەتکردنەوەی رەوشی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییانی.
جگە لە شۆڕشی فەرەنسی وەک کردەیەکی ریفۆرمی رادیکاڵی، لە ۲٦ی ئابی ۱۷٨۹یشدا، جاڕنامەی مافی مرۆڤ و هاوڵاتیی فەرەنسی دەرچوو، کە یەکێکە لە بەڵگەنامە مێژووییە گرنگەکانی شۆڕشی فەرەنسا، لەلایەن “ماركيز دی لافاييت” نووسراو و لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانیی فەرەنساوە پەسند کرا، ئەم بەڵگەنامەیە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر گۆڕانی فکریی سیاسی، رۆڵی یاسا و دەستوور و گەشەکردنی چەمکی مافەکانی مرۆڤ لە ئەوروپا و جیهان هەبووە، کە لەژێر کاریگەریی فکری رۆشنگەری، بەتایبەت فەیلەسوفانی وەک ژان ژاک رۆسۆ و مۆنتێسکیۆ داڕێژراوە، جەختیان لەسەر سەروەریی گەل، پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لەیەکتر و مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی لەبەردەم یاسادا دەکردەوە، کە خۆی لە ۱۷ مادەدا دەبینییەوە و بووە بەشێک لە بنەماکانی دەستووری فەرەنسا و کاریگەریی لەسەر بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانی دواتریش هەبوو، بەتایبەتی راگەیاندنی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە ساڵی ۱۹٤٨ پەسندکرا.
لەگەڵ ئەوەی راگەیاندنەکە بەڵگەنامەیەکی هاوچەرخانە و شارستانییانە بوو، بەڵام لە سەرەتادا هەموو کۆمەڵگە لە مافە سیاسییەکان بە یەکسانی سوودمەند نەبوون. ژنان، کۆیلەکان و هەندێک چین و توێژی کۆمەڵگە لە بەشداریی سیاسی و مافەکانی هاوڵاتیبوون بێبەش بوون، هەربۆیە جیاوازییەکی زۆر لەنێوان بنەما راگەیەنراوەکان و جێبەجێکردنیاندا هەبوو.
دیوێکی تر شوێن و پایەی فەرەنسایە وەک ئەندامێکی هەمیشەیی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەشدارییەکانی لە پەرەپێدانی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان وەک ئەکتەرێکی گرنگی سیستمی نێودەوڵەتی، بەمەش بەرپرسیارێتیی زیاتری دەکەوێتە ئەستۆ لە پاراستنی ئەو بەها و بنەمایانەی کە فەرەنسا لە مێژوویی خۆیدا پشتیوانییانی کردووە.
بزووتنەوەی هێلەک زەردەکانی فەرەنساش لە ١٧ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٨، یەکێکی تربوو لە جووڵانەوە کۆمەڵایەتییە کاریگەرەکانی گەلی فەرەنسا، کە لە سەرەتادا لە دژی زیادکردنی باج لەسەر سووتەمەنی سەریهەڵدا، بەڵام دواتر ناڕەزایەتییەکان فراوان بوون و کۆمەڵێک داخوازی دیکەی لەخۆگرت، کە خۆپیشاندەران فشاری زۆریان خستە سەر (ئیمانوێل ماکرۆن) و وایان کرد حکومەت لە زیادکردنی باجی سەر سووتەمەنی پاشەکشە بکات.
ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیه کە لە ئۆکتۆبەری ئەمساڵیشدا جارێکی دیکە فەرەنسا رووبەڕووی شڵەژان و تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی بووەوە، دەنگی ناڕەزایەتیی لەڕێی خۆپیشاندان و گرژیی و ئاڵۆزییەکانەوە سەریهەڵدا بە ئاراستەیەک کە توندوتیژی و تێکدان و رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەوە و شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان تا دێت بەرەو تێکچوون و ئاڵۆزیی زیاتر تەوژم دەبات. دروشمی ناڕەزایەتییەکان خۆی دەبینێتەوە لە نیشاندنی خراپی دۆخی گوزەرانی هاوڵاتییان و بێکاریی و لاوازی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و خراپی کەرتی پەروەردە و دامەزراوە گشتییەکان.
کەواتە سەرەڕای ئەو رۆڵە گرنگەی فەرەنسا لە گەشەسەندنی گوتاری مافی مرۆڤ، یەکسانی، یاسا و دیموکراسییەت بینی، لە ئێستادا پرسیارگەلی زۆر دروستدەبن، کە ئاخۆ بۆ فەرەنسا نەیتوانیوە لە واقیعیشدا ببێتە نموونەی باڵای جێبەجێکردنی ئەم دروشمانە و بۆچی ئەم دەستکەوتە مێژوویی و فکریی و یاساییانەی خۆی خاوەندارێتی ناکات.
ئەگەرچی پانۆرامای رووداوەکان دوو مێژوویی جیاواز و داواکاریی جیاواز لە خۆدەگرن لەنێوان شۆڕشی فەرەنسی و ئێستادا، بەڵام فەلسەفەی رووداوەکان لەو بازنەیەدا دەخولێنەوە، کە رای گشتی و هەڵبڕینی دەنگی ناڕەزایەتی تاکە ئامرازە لای فەرەنسییەکان بۆ گۆڕانکاریی و وەڵامدانەوەی داخوازییەکانییان. لە هەمان کاتدا نیشاندانی ئاستی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییە لای دامەزراوەکان و دەسەڵاتی حکومڕانی، تاچەند هاوسەنگی دەپارێزن لەنێوان مافی هاوڵاتییانی فەرەنسی و راگرتنی سەقامگیریی وڵاتدا.
لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، خزمەتگوزاریی گشتی و متمانە بە دامەزراوەکان پایەی پاراستنی هەر سیستمێکی دیموکراتیین، واتە سیستمی دیموکراتی جێگیر و چەسپاو نییە، بەڵکوو بە بوونی پایەکانی دەتوانێت بەردەوامی بە مانەوەی خۆی بدات، هەر بۆیە بوونی چاودێریی لەسەر دەسەڵات، دامەزراوەی کارا، دادگای سەربەخۆ، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی گەرەنتیی مانەوە و سەقامگیریی هەر سیستمێکی حکومڕانییە.
خ.غ