خواردنی میوە لە گەنجاندا نیشانەكانی خەمۆكی و نیگەرانی كەم دەكاتەوە

مەودا میدیا-
توێژینەوەیەكی نوێ كە لەلایەن توێژەرانی زانكۆی سیدنی لە ئوسترالیا ئەنجام دراوە، دەریدەخات كە خواردنی بەردەوامی میوە پەیوەندییەكی راستەوخۆی بە كەمبوونەوەیەكی بەرچاو لە نیشانەكانی خەمۆكی و نیگەرانییەوە هەیە لە لای مێردمنداڵان، لە بەرانبەردا خواردنەوە شەكراوەكان كاریگەرییەكی پێچەوانەیان هەبووە.

توێژینەوەكە كە لەلایەن توێژەر (لیلی دەیڤدسون) سەرۆكایەتی كراوە، بەدواداچوونی بۆ داتای 6,537 خوێندكار لە 71 خوێندنگا كردووە لە ماوەی سێ ساڵدا. دەرئەنجامەكان نیشانیاندا كە هەر بەشێكی زیادەی میوە كە مێردمنداڵێك رۆژانە دەیخوات، بە رێژەی 13% ئەگەری دەركەوتنی نیشانەكانی خەمۆكی و بە رێژەی 7% نیشانەكانی نیگەرانی كەم دەكاتەوە.

لە بەرانبەردا، زانایان بۆیان دەركەوت كە زۆر خواردنەوەی خواردنەوە شەكراوەكان وەك خواردنەوە گازدارەكان و خواردنەوە وزەبەخشەكان، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە تێكچوونە دەروونییەكان لە هەردوو رەگەزدا، بەتایبەت نیشانەكانی نیگەرانی لە كوڕاندا. وەك خاڵێكی سەرنجڕاكێش، توێژینەوەكە هیچ پەیوەندییەكی ئاماریی دیاریكراوی تۆمار نەكرد لە نێوان خواردنی سەوزە و باشبوونی تەندروستیی دەروونی لەم تەمەنەدا.

شارەزایان ئەم پەیوەندییە دەگەڕێننەوە بۆ دەوڵەمەندیی میوە بە ریشاڵ، ڤیتامین و پێكهاتە روەكییەكان كە یارمەتی گەشەی مێشك و پەیوەندیی نێوان رێخۆلە و مێشك دەدەن، پێچەوانەی خواردنەوە شەكراوەكان كە ئەگەری هەوكردن و تێكچوونی پرۆسەی زیندەچالاكی (میتابۆلیزم) زیاد دەكەن.

لە كۆتاییدا توێژینەوەكە رێنمایی خێزان و خوێندنگاكانی كردووە كە پێویستە بژاردەی خۆراكیی تەندروست دابین بكەن و میوەی تازە و ئاو بكەنە جێگرەوەی یەكەمی مێردمنداڵان.

جەختیشی كردووەتەوە كە، پشتگیریكردنی تەندروستیی دەروونیی گەنجان پێویستی بە ژینگەیەكە كە دەستكەوتنی خۆراكی تەندروست بە نرخێكی گونجاو ئاسان بكات.

ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان