لە مێژووی نەتەوەی کورددا، کەم نین ئەو کەسایەتی و خانەوادە و بنەماڵانەی تەمەنی خۆیان بەخشی لەپێناو پاراستنی ناسنامە، زمان و کولتووری ئەم گەلەدا، لەو نێوەندەشدا؛ خانەوادەی زانا و رووناکبیر و دادوەری ناوداری کورد، مامۆستا (شێخ محەمەدی خاڵ)، پێگەیەکی تایبەت و کەموێنەیان لە نێو لاپەڕەکانی مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا هەیە. ئەم خانەوادەیە، هەمیشە وەک سێگۆشەیەکی پرشنگدار لەنێوان سێ چەمکی سەرەکیدا درەوشاونەتەوە: کوردپەروەرییەکی پاک و خاکەڕاییانە، زمانزانی و خزمەتکردنی بێوچانی شاکارەکانی زمانی کوردی و ئایینپەروەرییەکی میانڕەوانە…
خاتوو ئەختەر، کچی ئەو زانا پایەبەرزەی تەمەنێک چرای رووناککەرەوەی ئاوەز و ئەدەبی کوردی بوو، هاوسەری تێکۆشەر و شۆڕشگێڕی نیشتمانپەروەر، د. خەسرەو خاڵ؛ ئەو گەنجە دڵسۆزەی بەردەوام لە خزمەتی خەڵک و شۆڕشدا بوو… ئەمڕۆ وەک بەشدارێک و شایەتحاڵێکی زیندووی ناو ئەم دوو جیهانە پڕ لە سەروەرییە: ناوەندی رۆشنبیری و زانستیی باوکی و کاروانی خەباتی هاوسەرەکەی، دەرگای بیرەوەرییەکانمان بۆ دەکاتەوە و تیشک دەخاتە سەر لاپەڕەکانی قۆناغێکی پڕ لە قوربانیی خەباتی رۆشنبیری، سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کوردستان، کە تێیدا ئازایەتیی ژنی کورد لە پشتەوەی سەنگەرە نهێنییەکاندا بەڕوونی دەدرەوشێتەوە…
– باوکم؛ شێخ محەمەدی خاڵ، مرۆڤێکی لەسەرخۆ، سادە، بەوەفا، راستگۆ و خواپەرستێکی تێگەیشتوو و کوردپەروەر و خوێندەوار بوو. لە تەمەنی نۆ ساڵیدا، باوکی، شێخ عەلی، کۆچی دوایی دەکات، خۆی و دوو براکەی، شێخ ئەحمەد و شێخ مستەفا، باپیریان (حاجی شێخ ئەمینی خاڵ)، ئاگای لێیان دەبێت و لە مزگەوتەکەی خۆی خوێندنیان پێ تەواو دەکات.
لە ساڵی 1931 باپیریشیان کۆچی دوایی دەکات و باوکم جێگەی دەگرێتەوە. هەمیشە خەریکی خوێندن دەبێت و دەست دەکات بە نووسین، تا کۆچی دواییش دەکات لە 15ی تەمووزی 1989، لە تەمەنی 85 ساڵیدا بەردەوام دەبێت.
– لە ساڵی 1939 دەبێت بە قازی تاوەکوو خانەنشین دەبێت.
– ماوەیەک ئەندامی تەمییزی شەرعی دەبێت، ساڵانێکی زۆر ئەندامی کۆڕی زانیاریی عیراق و هەروەها جێگری سەرۆکی کۆڕی زانیاریی کوردی و ئەندامی (فەخری)ی کۆڕیی زانیاریی ئوردنی و سەرۆکی ئودەبائی کورد (رئیس مجلس أدباء الاکراد) بوو لە سلێمانی.
– لە بیستەکانی تەمەنییەوە خەریکی نووسین بوو، زیاد لە سی کتێبی هەیە و بڵاو کراوونەتەوە، لەوانە: فەرهەنگی خاڵ، تەفسیری خاڵ و پەندی پێشینان…
– زۆر کوردپەروەر بوو، بە دوای هەموو هەواڵێکدا دەڕۆیشت کە پەیوەندیی بە کورد و شۆڕشی کوردەوە هەبوو. وتەیەکی هەیە، دەڵێت: “کوردایەتی خواپەرستییە”.
– ئێمە سێ کچ و کوڕێک بووین، هەرگیز جیاوازی لەنێوانماندا نەدەکرد. زۆر کاریگەریی لەسەرمان هەبوو، لە هەموو روویەکەوە.
– حەزمان لە خوێندنەوە بوو، بەڵام تەنیا کاک خالیدی برامان دەینووسی و چەند کتێبێکی هەیە و کتێبخانەیەکی باشیشی هەبوو، ئێستا لە (بنکەی ژین)ە.
– باوکیشم کتێبخانەیەکی دەوڵەمەندی هەبوو، ئەویش هەر لە بنکەی ژینە و دەستنووسی زۆریشی هەیە، کە ئێستا لە ئەوقافی سلێمانییە.
– لە قوتابخانەی زەهرا، سەرەتاییم تەواو کرد. ناوەندی و دواناوەندیم لە (ئیعدادیەی کچان)، کە لای مزگەوتی گەورەوە بوو، تەواو کرد. پاشان چوومە زانستگە لە بەغدا و بەشی کیمیای کۆلێژی پەروەردەم تەواو کرد و بووم بە مامۆستا لە ئیعدادیەی کچان.
– قوتابخانەکەمان زۆر پێشکەوتوو بوو، کۆمەڵێک مامۆستای بەتوانا و کوردپەروەری تێدا بوو.
– لە ساڵەکانی هەشتاکان، بەعس تەنگی پێ هەڵچنیبووین، کە ببینە بەعسی، بەڵام کەس وەڵامی نەدەدانەوە. قوتابییەکانمان هەموو چالاک و خوێنگەرم و کوردپەروەر بوون و بە دڵ لەگەڵ شۆڕشی نوێدا بوون و دەچوونە خۆپیشاندانەکانی شارەوە، هەر بۆیە زوو زوو ئەمن و ئیستخبارات دەهاتن بۆ قوتابخانە و لێیان دەگرتن و لەگەڵ ئێمەشدا (مامۆستاکان) زۆر بەناشرینی قسەیان دەکرد.
– ئێمە سێ خێزانی خاڵ بووین، زۆر تێکەڵ و دڵسۆزی یەکتر بووین و لە یەک گەڕەکدا (سابوونکەران) بووین، نزیک مزگەوتی (حاجی شێخ ئەمینی خاڵ)ی باپیرمان.
– لە ساڵی 1958 سلێمانی دوو حزبی تێدا بوو؛ شیوعی و پارتی. بە حوکمی ئەوەی ئامۆزاکان هەمیشە پێکەوە بووین و هاوڕێ بووین و خەسرەوی ئامۆزام لە قوتابیان بوو، جار جار دەهات بۆ ئیعدادیەی کچان و قوتابیانی رێک دەخست، لەوانە: گەشاوی خوشکم. منیش کاتێک لە یەکی ناوەندی بووم، گوێم لێ دەگرتن و دوایان دەکەوتم. لەو کاتانەوە کوردایەتی کەوتە مێشکمانەوە.
– کاتێک لە ساڵی 1962-1963 چوومە بەغدا بۆ زانستگە، هەر ئەو ساڵە باوکم گواسترایەوە بۆ بەغدا، بۆ مەجلیسی تەمییزی شەرعی. ماڵمان لای کۆلێژی پەروەردەوە بوو لە وەزیریە. خەسرەو لە پزیشکی ڤێتێرنەری خوێندکار بوو، جار جار دەهات بۆ لامان و دەمایەوە و باسی کوردایەتی دەکرد و زۆریش قسەخۆش بوو.
– لە قوتابیانی کوردستان کاری دەکرد، لەگەڵ چەند برادەرێکیدا قوتابیانیان رێک دەخست.
– کۆمەڵێک خوێندکار لە کۆلێژەکەدا ئیشیان دەکرد، لەوانە: چەند خوێندکارێکی کچان لای ئێمە، من و هاوڕێکانم (سایە عوسمان، بێگەرد عەزیز، ناجیە ئیبراهیم، پرشنگ نووری، ویداد خالس و ویداد عەبدوڵڵا…)، بەیانیان دەداینێ تا بڵاویان بکەینەوە. هەروەها دەچووینە ماڵە کوردەکان بۆ وەرگرتنی یارمەتی بۆ پێشمەرگە.
– خەسرەو زانستگەی تەواو کرد و بوو بە سەرباز، ئەوە یاسا بوو، بۆ هەموو خوێندکارانی زانستگە (کوڕان). لەو دەورانەدا خەسرەو گیرا، لەبەر ئەوەی بەیاننامەی پێ گیرا و خرایە زیندانی ژمارە (1)، کە سەدام و هاوڕێکانی تێدا بوو. پاش ماوەیەکی باش، بەریان دا و هاتەوە سلێمانی و دەستی کردەوە بە ئیشی خۆی، بەڵام هەر بەنهێنی پەیوەندی هەبوو لەگەڵ سەرەوەدا.
– ساڵی 1967 زانکۆم تەواو کرد. ئەو ساڵە دامەزراندن وەستا، بەڵام من هەر وانەم دەگوتەوە لە ئێواراندا لە ئیعدادیەی کچان. ئیتر ئەوە بوو ساڵی 1968 دامەزراین و لە هەمان قوتابخانە دەستم کرد بە وانەوتنەوە.
– لە ساڵی 1969 لەگەڵ خەسرەو هاوسەرگیریمان کرد. ژیانێکی سادە و ئاسوودەمان دەبردە سەر.
– لە ساڵی 1971 منداڵێکم بوو بە هەشت مانگی و لە پاش حەفتەیەک مرد. لە ساڵی 1973 منداڵێکی ترم بوو، هەر بە هەشت مانگی و ئەویش لە پاش دوو رۆژ مرد. ئەمانە زۆر کاریان تێ کردم و هیوام نەما کە رۆژێک دەبم بە دایک. پزیشکێکی پسپۆڕ لە ئینگلتەراوە هاتبوو بۆ نەخۆشخانەی (کەمال سامەڕایی)، چووم بۆ لای و چارەسەری بۆ دانام. دیسان سکم بووەوە، بەڵام دەبوایە دەوام نەکەم و ئیش نەکەم و زۆربەی کات پاڵ بکەوم. ئەمە سەرەتای ساڵی 1974.
– شۆڕش دەستی پێ کرد و هەموو گەنجی کورد چوونە دەرەوە. خەسرەو لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی پارتیدا بوو، جەماعەتی مام جەلال، ئەویش وەک هەمووان چووە دەرەوە. جار جار نامەی دەنارد. منیش لە ماڵی باوکم بووم. لە پاش نۆ مانگ، باوکم و دایکم بردمیانەوە بۆ بەغدا بۆ هەمان نەخۆشخانە و لەوێ جوانەی کچم بوو. ئەمە هەواڵێکی خۆش بوو بۆ هەمووان.
– ژنانی خێزانەکەمان دەچوون بۆ لای مێردەکانیان و هەموو لە لای باوکم بووین، بەڵام باوکم نەیدەهێشت من بڕۆمە دەرەوە. لەبەر جوانە، چونکە زۆر بەزەحمەت هاتە دونیاوە.
– ئەو ماوەیەی شۆڕش نەما، خەسرەو هاتەوە و چووینەوە ماڵی خۆمان و ژیانمان ئاسایی بووەوە.
– ساڵی نەبرد هەواڵی شۆڕشی نوێ بڵاو بووەوە، هەموو کەس بە خۆشییەوە بە پیریەوە چوون (لەبەر ئەوەی کەس هیوای نەمابوو). زانرا کە مام جەلال و کۆمەڵێک خوێندەواری کوردپەروەر خەریکی رێکخستنەوەن لە سووریا.
– لە ساڵی هەشتاکاندا پێشمەرگە دەهاتنە ناوشار و ئیشی خۆیان دەکرد. خەسرەویش کەوتەوە ئیش بەنهێنی و نامەی بۆ دەهات و زۆر دەچووە ئەملا و ئەولا و برادەر دەهاتنە لای، کە زۆربەیانم نەدەناسی و حەزی نەدەکرد بیانبینم.
– لە ساڵی 1982، شەوێکیان خەسرەو میوانی هەبوو، هاتە لام و وتی: “چەند برادەرێک ئێستا دێن، بیانبە ژوورێکی تر و خزمەتیان بکە، پێشمەرگەن (لەو ساڵانەدا، بەعس گومانیان لە هەر ماڵێک هەبوایە، هەموو دەگیران و زۆریشیان دەکوشت)، کاک نەوشیروان ناردوونی بۆ ئێرە”. زۆر ترسام، بەتایبەتی چونکە خەڵک لە ماڵمان بوون. کە هاتن؛ کاک مەلا بەختیار و کاک قادری حاجی عەلی و دوو پێشمەرگە بە هەموو چەکەکانیانەوە، بە بێدەنگی خزمەتم کردن. لە پاش ئەوەی پشوویان دا، مەلا بەختیار بە خەسرەوی وت بمانبەرە دەرەوە، نەوەک یەکێک لە میوانەکان گومانێکی کردبێت. مەلا بەختیار برایە ماڵی ئاوەڵزاوەیەکی لە گردی سەرچنار و کاک قادر و ئەوانی تریشی برد بۆ ماڵی کاک عومەر فەتاح.
– هاتبوون بۆ رێکخستنەوەی ناوشار. چەند رۆژێک مانەوە، کە دەڕۆیشتن، من لە پێشی ئۆتۆمبێلەکەدا دادەنیشتم بۆ ئەوەی سەر لە پۆلیس و ئەمنەکان تێک بدەین.
– خەسرەو هەمیشە خەریکی ئیش بوو؛ کۆبوونەوە لەدوای کۆبوونەوە و بە شەو بەیاننامەی چاپ دەکرد (چاپێکی کۆنی هەبوو)، کە تەواو دەبوو، لە سەقفی ماڵەکەدا دەمانشاردەوە. خوشکێکی خەسرەو (رێزانی ئامۆزام) هەر لە منداڵییەوە لای من بوو، گەورە بوو و لە ئیعدادیەی کچان لەگەڵم بوو، بەیاننامەی دەدایە و بەیانیان زوو دەچووین بۆ قوتابخانە، رێزان بڵاوی دەکردنەوە و دەیخستنە ناو رحلەی دانیشتنی قوتابییەکان و دەبووە هەرا کە کێ ئەوە دەکات؟
یەک دوو جار بە فەردە بەیاننامەیان دەهێنایە ماڵەوە و لە شەودا هەمووی سووتاند، چونکە هەواڵ درابوو کە شتێکی وا هەیە لە ماڵێکی ناو سلێمانی، بۆیە هێنایانە ماڵی ئێمە، کە ئەو کاتە لە سەرچنار بووین.
– زۆر جار لەو برادەرانەی کە ترسی گرتنیان هەبوو، دەهاتنە ماڵی ئێمە و خەسرەو دەیشاردنەوە و بۆ رۆژی دواتر رەوانەی دەرەوەی دەکردن، لەوانە: کاک حەمەچاوشین و کاک مەحموودی مەلا عزەت… منیش تا بەیانی پاسەوانیی دەرگا و پەنجەرەم دەکرد.
– لە ساڵی 1984 رێککەوتنی یەکێتی و بەعس بوو، خەسرەو هەر خەریکی چوونەدەرەوە بوو لەگەڵ کاک عومەر فەتاحدا و پێیان وترابوو کە بچنە دەرەوە و ببنە پێشمەرگە. زۆر سەرقاڵ بوو، هەمیشە کاک جەباری حاجی رەشیدی لەگەڵدا بوو. رۆژێک پێی وتم: “دەبێت بچمە دەرەوە، چونکە لە گفتوگۆی یەکێتی و بەعسدا ئاشکرا بووە و ناسراوە”. زۆر شپرزە بووم، چونکە سکم هەبوو بە کچی سێیەمم و بیرم دەکردەوە کە ئەم جارە من چی بکەم!
زۆرم کرد کە هەر لە شاردا چی دەکات با بیکات، بەڵام نەچێتە دەرەوە. وتی: “خۆت دەزانیت کە تۆ خۆشەویستترین کەسمیت، بەڵام کوردستان لە تۆ خۆشەویستترە”.
– گفتوگۆ تێک چوو، خەسرەو لە دەرەوە و سۆزەم بوو. چەند مانگێک مامەوە لە ماڵی خۆمان. کاکە عەلی برای خەسرەو، هەر ماوەیەک و کچێکی دەناردە لام. هەر لەو ماوە ناخۆشەدا دایکم کۆچی دوایی کرد. ئیتر باوکم نەیدەهێشت لە ماڵەکەی خۆمدا بمێنمەوە و بە سێ منداڵەوە چوومە ماڵی باوکم. ماڵەکەم هەمووی بڵاو کرایەوە بە یارمەتیی کاک جەبار. ئەوەی زۆر ماندووی دەکردم؛ سۆزە (منداڵەکەم) بوو، چونکە زۆر دەگریا و شیری کەم دەخوارد و نوستنی کەم بوو. باوکم بە تەمەنی هەشتا ساڵی، زۆر خەریکی منداڵەکان دەبوو، بۆ ئەوەی کەمێک دڵی من خۆش بکات.
– زوو زوو هەواڵ دەهات کە خێزانی پێشمەرگە دەگرن، دەبوایە خۆم کۆ بکردایەتەوە و بە منداڵەوە بچمە ماڵان. چەند جار چووبوونە قوتابخانە و لە من و کافیە سڵێمان (هاوسەری عومەر فەتاح)یان دەپرسی. هەردووکمان وازمان لە مامۆستایەتی هێنا.
– جار جار دەچووم بۆ لای خەسرەو، کە هەمیشە لەژێر بۆردوومانی فڕۆکە و تۆپدا بوون، ماوەیەکی کەم دەمامەوە و دەگەڕامەوە.
– ساڵی 1986-1987 خەسرەو کرا بە بەرپرسی یەکێتی لە شام، ئیتر من ئاگام لێی نەما. لەبەر ئەوەی پەیوەندیی عیراق و سووریا زۆر خراپ بوو و هیچ پەیوەندییەک نەبوو. یەک دوو جار لە بەریتانیاوە تەلەفۆنیان بۆ دەکردم و هەواڵی خەسرەویان دەدامێ. بۆ نموونە؛ لە رێگەی کاک نەوزاد عەنبەر و سایەی هاوڕێمەوە.
– باوکم چاوەکانی نەما و تەندروستیی زۆر تێک چوو، هەموو خێزانەکە خەریکی بووین، بەتایبەتیی من، کە بە من زۆر سەبووریی دەهات. لە ساڵانی شەستەکانەوە من خەریکی نووسین بووم بۆی، کتێبەکانی کە چاپ کرد، من هەموویم ئامادە دەکرد بۆ چاپ و هەمیشە شتم بۆ دەخوێندەوە، کە چاوی نەما، ئیتر هەر لە لایەوە بووم و شەو ئاگام لێی دەبوو. لە کاتی خۆیدا دەرمانەکانم دەدایە. هەرچەندە خوشکەکانم و کاک خالیدیش هەموو خەریکی بوون، بەڵام هەر داوای منی دەکرد.
– لە ساڵی 1987 کاک ملازم عومەر جوابی بۆ ناردم کە لەگەڵ ماڵی کاک شێرکۆ بێکەس بچینە لای خەسرەو لە شام. کەسوکار پێیان باش بوو، چونکە ترسی گرتمان هەبوو.
ئەی باوکم! چۆنی پێ بڵێم و چۆن بەو شێوەیە بەجێی بهێڵم. یەکێک بوو لە بڕیارە سەختەکانی ژیانم. بە باوکم وت، کەمێک بێدەنگ بوو، ئینجا وتی: “باشە، بەڵام پەیمانم بدەرێ کە بێیتەوە”، بەداخەوە، ئەو پەیمانەم جێبەجێ نەکرد و ئەوەش تا ئێستا ئازارم دەدات.
– خوشکەکانم و کاک خالید هەر مانگە یەکێکیان بە خێزانەوە دەچوونە لای، هەتا کۆچی دوایی کرد لە 15ی تەمووزی 1989 و لە تەمەنی 85 ساڵیدا.
– لەگەڵ ماڵی کاک شێرکۆ بەڕێ کەوتین، لە قەڵادزێ لە دوو ماڵدا ماینەوە بۆ دوو سێ رۆژ تاوەکوو پێشمەرگەیەکیان نارد بۆ لامان، ئەویش کاک شێرکۆی ناو بوو. ئەو یارمەتی داین بۆ دەرچوون. شەو بوو دەرچووین بۆ نزیک قەندیل و هەمووان سواری وڵاخ بووین، کە یەکەم جارمان بوو لە ژیانماندا. بە ترس و لەرزەوە و پێیان وتین نابێت دەنگتان لێوە بێت، چونکە رێگە هەمووی رەبایەیە. باش بوو سۆزە بێدەنگ بوو تا گەیشتینە سەر شاخێک و شەو لەوێ ماینەوە. دوو رۆژ و شەوێک لە سواری وڵاخدا سۆزەی سێ ساڵ خرایە توورەکەیەکەوە و بەسترا بە قاچی منەوە و هەر دەگریا. خۆشم لەتاو ئازاری قاچەکانم پەرێشان بووم. جوانە، کە دوازدە ساڵ بوو، بەتەنیا لەسەر وڵاخێک بوو، بێ قەتارچی. تەلار خرایە بەردەمی هەڵۆی کاک شێرکۆ، هەردووکیان کەوتنە خوارەوە و بە پەرجوو رزگاریان بوو. رێگەکە زۆر باریک بوو، سەرمان سوڕما بوو چۆن وڵاخ پێیدا دەڕوات.
بەهەرحاڵ، جار جار حەبی خەوم دەدا بە سۆزە، چونکە هەر دەگریا و منیش لەگەڵی. یەک دوو جار وەستاین، قەتارچییەکان نان و خەیاریان داینێ تا گەیشتینە سنووری ئێران. براینە ماڵێکی بچووکی بێدەرامەت، هەموو ئەو شەوە دانیشتین تا رۆژ بووەوە، ئینجا براین بۆ ماڵێکی تری گەورە. زۆر خزمەتیان کردین، هەمووی بەهۆی کاک شێرکۆی پێشمەرگەوە. پاشان براین بۆ تاران و لە ئوتێل دانراین.
– کاک رەفعەتی مەلا، بەرپرسی یەکێتی بوو لە تاران، پەیوەندیی پێمانەوە کرد و خەسرەویش دوای چەند رۆژێک هات لە سووریاوە. ئیتر مایەوە تا پاسپۆرتیان بۆ کردین و چووین بۆ شام، ماڵی کاک شێرکۆش دوای ئێمە بە ماوەیەک چوون بۆ سوید.
– لە فڕۆکەخانەی شام هەموو خێزانە کوردەکان هاتبوون بە پیرمانەوە، یەکترمان ناسی و بردیانین بۆ شوقەکەی خەسرەو، کە دوو ژووری نوستن بوو. لە لایەک دڵم زۆر خۆش بوو، لە لایەکی تر زۆر بیرم لە باوکم دەکردەوە. بەهەرحاڵ، دامەزراین و جوانە و تەلار خرانە قوتابخانە. من و سۆزەش لە ماڵەوە.
ماڵەکە مقەڕی خەسرەویش بوو و زۆر قورس بوو بۆمان، باش بوو پاش ماوەیەک لای خۆمانەوە شوێنێکمان گرت و ئەوێ بە یەکجاری کرا مقەڕ.
– ساڵی 1988، ساڵێکی شوومی پڕ ناخۆشی و ئازار بوو بۆ هەموو کورد، کیمیاباران و ئەنفال… یەکێتییەکانی قاسمەڕەشی سنووری ئێران و پێشمەرگە دەهاتنە سووریا و لەوێوە خەسرەو بەڵگە و مامەڵەی بۆ دەکردن بۆ دەرەوە. لەبەر ئەوە، بێ میوان نەدەبووین و زۆر جار هەندێک خێزان دەمانەوە لامان تا جێگە و رێگەیان بۆ دابین دەکرا.
– کۆمەڵێک برادەری زۆر باش ئیشیان لەگەڵ خەسرەو دەکرد، زۆر دڵم پێیان خۆش بوو کە بە دڵسۆزی لەگەڵیدا بوون، لەوانە: کاک عەبدولڕەزاق کۆیی…
– ماڵە کوردەکان تێکەڵاو بووین، لەوانە: ماڵی دکتۆر خالید، عەلی حەوێز، د. مەحموود و کاک عەبدولڕەزاق و چەند ماڵێکی کوردی سووریا.
– لە مانگی تشرینی یەکەمی 1988 خەسرەو نەخۆش کەوت و ئازاری سنگ و سکی هەبوو، هەر دەچووە لای پزیشک و ئازارشکێنیان دەدایە؛ بێتاقەت بوو، بەڵام یەک رۆژ لە چوون بۆ مقەڕ و ئیشکردن، نەوەستا.
– لە 11ی کانوونی یەکەمی 1988 زۆر هیلاک بوو، کاک سامان گەرمیانی هات و دەرزیی ئازارشکێنیان لێ دا، ئیتر برادەران کۆبوونەوە و بردیان بۆ نەخۆشخانە. هەرچی هەبوو بۆ ئەو کاتە، بۆیان کرد. هەر دەیانوت سنگی هەوی کردووە، بەڵام رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبوو. لەو ماوەیەدا مام جەلال لە دەرەوە بوو و زۆر تەلەفۆنی دەکرد، بە منی وت دەیبەمە ئەڵمانیا بۆ چارەسەر. بەوە کەمێک دڵی خۆش بوو. هەروەها هەر لەو ماوەیەدا رۆژێک کاک مەسعود و کاک ئازاد بەرواری و کۆمەڵێک کەسی تریش هاتن بۆ لای، کاک مەسعود پێی وتم: “هەرچییەکی پێویستە بە من بڵێ، بۆی جێبەجێ دەکەم”. لەگەڵ ئەوەش، دۆخی زۆر خراپ بوو و برایە بەشی بووژانەوە و هەناسەی بۆ نەدەدرا. ئێوارە هاتە دەرەوە و بە منی وت: “مەگری! نامرم. ئەم جارەش ئیزرائیلم ئیزن دا”، (بەو حاڵەشەوە هەر قسەی خۆش بوو).
– لە پاش دوو رۆژی تر برایەوە بووژانەوە و لە 31ی کانووی یەکەمی 1988 لە تەمەنی 49 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. دوای مردنەکەی دەرکەوت کە شێرپەنجەی سییەکانی هەبوو.
– بەهیچ شێوەیەک بیرم لە مردنی نەدەکردەوە، یان خۆمم لێ گێل دەکرد.
– هەموو برادەرەکانی بە پەرۆشییەوە لەگەڵم بوون، هەمیشە لە نەخۆشخانە بوون، لەوانە: کاک عەدنان موفتی، کوڕانی دکتۆر خالید، سەرکۆ، مەریوان رەئوف و زۆرێکی تر…
– لە پاش یەک رۆژ، مامە جەمال (جەمال ئاغا) هاتە لام و وتی: “چی بکەین؟ لێرە بینێژین، یان ببرێتەوە قاسمەڕەش بۆ لای خۆمان”. ئیتر بڕیار درا ببرێتەوە.
– ئای مردنی خەسرەو چی لێ کردم، ئازاری تا ئێستاش دەمسووتێنێت. ئەو هەموو ئاواتەمان؛ لە گەورەکردنی منداڵ و چارەنووسی کورد بەرەو باشی و گەڕانەوەمان بۆ سلێمانی و بینینی بەیەکەوە… هەمووی نەما و کەوتمە تاریکستانەوە.
– چەند رۆژێک مایەوە، لەبەر ئەوەی توێکارییان بۆ کرد. دەرکەوت کە شێرپەنجەی سییەکانی هەبووە.
– رۆژی ناردنەوەی بۆ قاسمەڕەش، هەموو چووین بۆ فڕۆکەخانەی دیمەشق، هەرچی کوردی خۆمان و سووریا و تورکیا و زۆرێکی تر لەوێ بوون. مام جەلال هاتبووە ئەوێ و هاتە لام وتی: “من لە کاک خالیدی برات نزیکترم”. ئەوەندەی تر شێت بووم. کچەکانم لەگەڵ بوو تا رەوانە کرا لەگەڵ کاک عەلی حەوێز، من لەبەر منداڵەکان نەمتوانی لەگەڵی بگەڕێمەوە.
– لە فڕۆکەخانەی تارانەوە کاک عومەر فەتاح و کافیە خانی هاوژینی و کۆمەڵێک پێشمەرگە بردبوویانە قاسمەڕەش و هەموو شتێکیان بۆ کردبوو و پرسەیان بۆ دانابوو، (هاوڕێی باش، جێی هەموو کەست بۆ دەگرێتەوە).
– لە ماڵەوە هێزی هیچم نەبوو، لە خەوێکی زۆر ناخۆشی رەشدا بووم. خەڵک دەهاتن و قسەیان بۆ دەکردم، بەڵام هیچ شتێک تەسەلای نەدەدام. من هاتم بۆ ژیان و هەموو کەسوکارم بەجێ هێشت، بەتایبەتی باوکم، لە پاش ساڵێک و چوار مانگ، خەسرەو نەما، منیش هەناسەسارد مامەوە.
– نەمدەتوانی بیر بکەمەوە کە چی بکەم بە سێ منداڵەوە، نەدەبوو بڕۆمەوە بۆ کوردستان، براکانی خەسرەویان گرتبوو و داوای منیان دەکرد و دەیانوت خەسرەو نەماوە، بۆ نایەتەوە. لە سووریاش نەمدەتوانی بمێنمەوە، هیچ دەرامەتێکمان نەبوو و دەستمان بە کەسوکاریش نەدەگەیشت و نەماندەتوانی پەیوەندییان پێوە بکەین.
– سایەی هاوڕێم لە ئینگلتەرا بوو، هەموو رۆژێک تەلەفۆنی دەکرد و دەیوت: بڕیار بدە و وەرە ئێرە، من ئاگام لێتان دەبێت.
– لەو ماوەیەدا کاک نەوشیروان و کاک یوسف زۆزانی و چەند برادەرێکی تر هاتن، کاک نەوشیروان زۆر قسەی بۆ کردم و هەوڵی دا کەمێک بەهێز بم لەبەر کچەکان و پێی وتم: “بچیتە دەرەوە لە هەمووی باشترە، تۆ لە قاسمەڕەش ناتوانیت بەم منداڵانەوە بژیت”. مام جەلالیش هاتەوە بۆ لام و وتی: “دەتانێرم بۆ ئینگلتەرا، لەوێ کوردی زۆری لێیە، بە کاک لەتیف شێخ جەمالیش دەڵێم ئاگای لێتان بێت و رازیی کردم”. ئیتر پاسپۆرتیان بۆ دەرهێناین (ئیماراتی) بەناوی جیاوە و شتێک پارەی داینێ، هەرچەندە لەو کاتەدا یەکێتی توانای مادیی خراپ بوو.
– رۆژی رۆیشتنمان براین بۆ فڕۆکەخانە، هەموو خێزانە کوردەکان بە پیاو و ژنەوە بۆ ماڵاوایی لەوێ بوون، (ئای چ ئازارێک بوو، پێش ساڵێک و چوار مانگ، بە خۆشی و دەستلەملان لەم فڕۆکەخانەیەوە هاتینە ئێرە، ئێستا هەر هەمان کۆمەڵ بە گریان ماڵاواییمان لێ دەکەن بۆ دەرەوە).
لەناو فڕۆکەکەدا کز دانیشتبووین، من و جوانە بە بێدەنگی هەر دەگریان. دەبوایە پاسپۆرتەکان بدڕێنین، کە زۆر قورس بوو. بەهەرحاڵ، کردمان و گەیشتینە فڕۆکەخانە هیسرۆ لە لەندەن، بەبێ پاسپۆرت و بێ زمان و بەو دڵە قرچاوەوە.
– یەکێک هات و دەستی کرد بە قسە. منیش وتم: ئینگلیزی نازانین. بردیانینە سەرەوە، لە ژوورێکدا یەک دوو کەسی وەک ئێمەی لێ بوو. کوڕێکی گەنجی لێ بوو، پرسی: لەکوێوە هاتوون؟ زانیم کە کوردی تورکیایە، دڵم تۆزێک خۆش بوو، هەرچەندە زۆر لێی تێنەدەگەیشتم. رۆیشتە دەرەوە و ئاوی بۆ هێناین، وا دیار بوو پەناهەندە بوو. سۆزە، نەخۆش بوو، دەچووە باوەشی و سەری دەنایە سەر سنگی… نازانم بە کێ تێی دەگەیشت.
ئەو ماوەیە زۆر قورس بوو، نەمدەزانی چی دەبێت. لەپڕ دەمەوئێوارە دەرگا کرایەوە و سایەی هاوڕێم هاتە ژوورەوە بە گریان و ئێمەش بێهێز و برسی، بەزۆر هێشتبوویان کەمێک بمانبینێت. پێی وتم: “دەرەوە پڕە لە کوردەکان، هاتوون بتانبینن”، دڵ ئەمینی کردم کە دەمانباتە بێرمینگهام و لای خۆیان. ئەو شەوە بردیانین بۆ ئوتێلێک کە پەناهەندەی تێدا بوو. خواردنیان داینێ و ژوورێک بە جێگەی منداڵەوە (سۆزە چوار ساڵ بوو)، منداڵان نوستن و منیش لەبەر پەنجەرەیەکی بچووکدا کردمەوە و هەتا بەیانی گریام و جگەرەم کێشا.
بۆ سبەی بەیانی، براینەوە بۆ فڕۆکەخانە. لە سەرەوە پیاوێکی کوردی ئاشووریی کەرکوک وەرگێڕانی بۆ دەکردین، دیار بوو کابرای ئینگلیز بڕوای بە هیچی نەبوو، بەڵام ئەوەندە دۆخی خۆم و منداڵەکانی لا قورس بوو، بەو کوردەی وەرگێڕانی بۆ دەکردین، پێی وت: بیانبەرە دەرەوە! کە چووینە خوارەوە، خەڵکێکی زۆری لێ بوو: هێرۆ خان، کاک لەتیف رەشید، کاک ساماڵی ئەحمەدی مەحموود بەگ و هاوسەرەکەی، کاک نەوزاد عەنبەر و هاوسەرەکەی، ماڵی کاک بەکری مام رەزا و کاک دارا یارا و هاوسەرەکەی… سایەش.
– هەموو داوایان کرد بچینە لایان، بەڵام هێرۆ خان زۆری کرد کە لای ئەوان (ماڵی ئیبراهیم ئەحمەد) بین. سایە و خۆم و منداڵان چووینە ماڵیان و زۆر خزمەتیان کردین.
– بۆ بەیانی، کاک لەتیف و شاناز خان هاتن بۆ ماڵاوایی و سایە هێناینی بۆ بێرمینگهام. ئەمانە هەمووی لە رۆژی چلەی خەسرەودا روویان دا، واتە 12 و 13ی شوباتی 1989.
کاک سەردار لە ماڵەوە چاوەڕوانمان بوو، بە هەموو شێوەیەک دەیویست دڵمان بداتەوە. زۆر خەسرەوی خۆش دەویست و وەک برایەکی گەورە، تا کۆچی دوایی کرد، یارمەتی و خۆشەویستیی هەبوو بۆ خۆم و کچەکانم.
– مانگێک زیاتر ماینەوە لەوێ. خۆم ئاگام لە دونیا نەبوو، سایە منداڵەکانی برد بۆ قوتابخانەکان و دایمەزراندن و جلوبەرگی قوتابخانەی بۆ کڕین. کوردانی ئێرەش، کە ئێمەیان دەناسی، دەهاتن بۆ ماڵی کاک سەردار و خزمەت دەکران. سایە لە سۆشیال ناونووسی کردین و خانوویەکی لای ماڵی خۆیانەوە بۆ گرتین، رۆژانە دوای ئیش دەهات بۆ لامان و کاک سەرداریش دەیبردم بۆ بازاڕی خواردن.
– جوانە، کە ئەو کاتە تەمەنی 14 ساڵ بوو، بەیانیان منداڵانی دەبرد بۆ قوتابخانە و ئینجا خۆی دەچوو بۆ خوێندنگەکەی خۆی، لەوسەریشەوە بە هەمان شێوە، تا تۆزێک وریا بوومەوە، (چونکە لە خەوێکی زۆر ناخۆشدا بووم و بەئاگا نەدەهاتمەوە).
وردە وردە پێم دەنا بە دڵمدا و دەموت ئەم منداڵانە کەسیان نییە، ئەگەر منیش بڕۆم، چی بکەن؟
– لە مانگی تەمووزی 1989، خانووی شارەوانییان داینێ، چارەکێک لە ماڵی کاک سەردارەوە دوور بووین، سایە هەموو ئێوارەیەک لە ئیشەوە دەهاتە لامان و کاک سەرداریش دەیبردم بۆ بازاڕ.
– لە هەندەران، بێ کەسوکار و زمان و دەرامەت، خوا سایە و کاک سەرداری بۆ ناردین، کە کەس جێگەیان ناگرێتەوە. داواکارم لە هەموو بەڵا و ناخۆشییەک دوور بن و کاک سەرداریش جێگەی بەهەشت بێت و منداڵەکانیان (کوردە و بەرزان) سەرکەوتوو بن و خۆشی بەپیریانەوە بچێت.
هەروەها کوڕانی حاجی حەسەنی خەفاف، کە لە مانچستەر بوون، زۆر یارمەتییان داین کە هاتین. دوور بن لە هەموو ناخۆشییەک و هیچ کەسێک ئەو ئازار و سوێیەی من نەبینێت.
– کچان لە خوێندندا باش بوون و خۆشم یارمەتیم دەدان. جوانە چووە زانکۆی بێرمینگهام، (بایۆکیمیا- Biochemistry)ی تەواو کرد و ماستەری لە (تۆکسیکۆلۆژی- Toxicology) و دکتۆرای لە (رەقبوون و لاوازبوونی جەستە- cancer cachexia) بە دەست هێنا. هاوسەرگیری کردووە و لە ئەمەریکا جێگیر بوون و ئێستا کار دەکات.
تەلار لە زانکۆی بێرمینگهام، بەکالۆریۆسی لە (ئەندازیاری کیمیا- chemical engineering) و ماستەر لە (بەڕێوەبردنی پرۆژە- project mangement) بە دەست هێنا. سۆزەش ماستەری لە زانستی دەرمانسازیدا بەدەست هێنا. ئەوانیش هاوسەرگیرییان کرد و هەر لە ئینگلتەران و ئیش دەکەن. منیش لە ماڵەوە بەتەنیام، بەڵام منداڵەکان سەرم لێ دەدەن و منداڵانیان دەهێنن بۆ لام و دڵم پێیان خۆش دەبێت.