بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێكی بڵاوكردەوە

مەودا میدیا-
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە 242 ساڵەی یادی دامەزراندنی شاری سلێمانیدا پەیامێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت “بەڵێنمان بۆ سلێمانی و خەڵكە سەربەرزەكەی ئەوەیە كە هەمیشە قەڵغانی پاراستنی ئارامی، ئازادی و مافەكانیان دەبین، رێگە نادەین هیچ نادادییەك بەرامبەر ئەم شارە بكرێت”.

دەقی پەیامەكەی سەرۆكی یەكێتی:
لە 242ـەمین ساڵیادی بنیادنانی شاری سلێمانیدا، لە قووڵایی دڵمانەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی خەڵكی سەربەرز و دڵسۆزی شاری شاران دەكەین.

سلێمانی تەنها جوگرافیایەك نییە، بەڵكو رۆحێكی زیندوو، بیرێكی ئازاد و قەڵایەكی لەبننەهاتووی بەرەنگاربوونەوەی ستەم و نادادییە. ئەمڕۆ بە وەفا و پێزانینێكی زۆرەوە سەری رێز لەبەردەم یاد و مێژووی هەموو ئەو شۆڕشگێڕ، شاعیر، ئەدیب، هونەرمەند و كەسایەتییە مەزنانەدا دادەنەوێنین كە ناسنامەی پایتەختی رۆشنبیری و شاری هەڵمەت و قوربانییان بە سلێمانی بەخشی، هەروەها شانازی بە خۆڕاگریی خەڵكە مەردەكەیەوە دەكەین كە لە هیچ قۆناغێكدا سازشیان لەسەر ئیرادە و شكۆی شارەكەیان نەكردووە.

مێژوو سەلماندوویەتی كە سلێمانی بە پیلان و پەراوێزخستن لاواز نابێت و هەرگیز دەستبەرداری مافە رەواكانی نابێت. شایستەترین وەفاداری بۆ قوربانیدانی ئەم شارە و خەڵكەكەی، وتنەوەی قسە و دروشم نییە لە دوورەوە، بەڵكو كاركردنی كرداری، بووژانەوەی ئابووری و گەیاندنی زۆرترین پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانییە بە هەموو گەڕەك و كۆڵانێكی.

بەڵێنمان بۆ سلێمانی و خەڵكە سەربەرزەكەی ئەوەیە كە هەمیشە قەڵغانی پاراستنی ئارامی، ئازادی و مافەكانیان دەبین، رێگە نادەین هیچ نادادییەك بەرامبەر ئەم شارە بكرێت و پێكەوە لەگەڵ گەنجە داهێنەر و خەڵكە دڵسۆزەكەیدا، كاروانی گەشەپێدانی سلێمانی بەرەو لوتكە دەبەین.

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان