مەودا میدیا-
تیمە تەکنیکییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ژمێریاریی لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی ماوبەسەرچووی هەرێم بە چڕی کار لەسەر تەواوکردنی لیستی مووچەی مانگی تشرینی دووەم (11) دەکەن، لە کاتێکدا دەست بە رێکارەکانی دابەشکردنی مووچەی مانگی (11)ی مووچەخۆرانی عیراق کراوە.
سەرچاوەیەک لە لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی ماوبەسەرچووی هەرێم رایگەیاند “پرۆسەی ئامادەکردن و وردبینیکردن لە لیستی مووچەی مانگی تشرینی دووەم (11)ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە قۆناغەکانی کۆتایی”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئەگەر ئەمڕۆ یان سبەینێ سەرجەم رێکارە کارگێڕی و ژمێریارییەکان تەواو بکرێن، ئەوا بە فەرمی لیستەکە بە مەبەستی وردبینیکردن لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە رەوانەی بەغدا دەکەن”.
بەپێی زانیارییەکان، زیاتر لە دوو هەفتەیە ئامادەکردنی لیستی مووچە لەنێو سیستەمی پەیڕۆڵ کارا کراوە و لەئێستاشدا لیستی مووچە و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی تشرینی یەکەم (10) تەنها قۆناغی کۆتایی وردبینییان ماوە.
ب ح