مەودا میدیا-
ئاژانسێکی ئێرانی لەزاری سەرچاوەیەكی باڵای وڵاتەکەیەوە ئاشکرایکرد ئەو 15 خاڵەی کە ئەمەریکا بۆ تارانی پێشنیاز کردووە، شەوی رابردوو بە فەرمی لە رێگەی نێوەندگیرەكانەوە وەڵامدراوەتەوە.
ئاژانسی تەسنیم بڵاویکردەوە “وەڵامی ئێران بۆ پێشنیازەکەی ئەمەریکا ئەوە بووە کە دەستدرێژیی تیرۆر لە لایەن دوژمنەوە کۆتایی پێبێت، دەبێت هەلومەرجی بابەتیانە دروست بکرێت کە جارێکی تر شەڕ دووبارە نەبێتەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “مەرجی ئێران بۆ ئەمەریکا بریتی بووە لە قەرەبووکردنەوەی قەرەبووی زیانەکانی جەنگ و کۆتاییهاتنی شەڕ لە هەموو بەرەکان و لە تەواوی ناوچەکەدا جێبەجێ بکرێت، بۆ هەموو ئەو گرووپانەی (مقاوەمە)ش کە بەشداریان لەم شەڕەدا کردووە”.
ئەوەشی خستەڕوو “سەروەریی ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا مافی سرووشتی و یاسایی تاران بووە و دەبێت، زامنی جێبەجێکردنی ئەمە لایەنی بەرانبەرەو دەبێت دانی پێدا بنێت”.
باسی لەوەشکرد “بۆ ئێران روونە بانگەشەی ئەمەریکا بۆ دانووستان تەنها فێڵی سێیەمە و ئەمەریکییەکان لە ژێر پەردەی دانووستاندا بەدوای چەند ئامانجێکی ترەوەن بەتایبەت لە ( فریودانی جیهان بەوەی لە رواڵەتدا خۆی وا دەربخات ئاشتیخوازەو خوازیاری کۆتایی هێنانە بە شەڕ، هێشتنەوەی نرخی نەوت بە نزمی و کڕینی کات بۆ خۆئامادەکردن بۆ کردەوەیەکی شەڕانگێزی نوێ لە باشووری ئێران لە رێگەی لەشکرکێشییەکی زەمینییەوە)”.
ب ح