مەودا میدیا-
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق سەبارەت بە دۆخی ناوچەی جەرف ئەلسەخر ئاشکرایکرد پێداچوونەوە بە رێکارەکانی لیژنەی جەرف ئەلسەخردا دەکرێتەوە و دۆسییەی ئەمنیی ناوچەکە بۆ وەزارەتی ناوخۆ دەگوازرێتەوە.
قاسم عەبودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق رایگەیاند “بە فەرمانی عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لە ناوچەی جەرف ئەلسەخر جێگۆڕکێ بە هێزەکان دەکرێت و پۆلیسی وزە بۆڕییە نەوتییەکان دەپارێزێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئەو سەرپێچییانەی لەسەر بۆڕییەکانی نەوت کراون رەوانەی دادگا دەکرێن، بڕیارەکان بۆ پاراستنی سامانی نیشتمان و سەپاندنی دەسەڵات و سەقامگیریی حکومەتە و لە بەرژەوەندیی هەموو عیراقییەکاندایە”.
ئەوەشی خستەڕوو ” ئەو پرسانەی پەیوەستن بە ئاسایش و سەقامگیریی عیراقەوە لە پێشینەی هەمووانن، لەو پێناوەشدا هەنگاوەکانی گواستنەوەی دۆسییەی ئەمنی بۆ وەزارەتی ناوخۆ و پاڵپشتیکردن و کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا جێبەجێ دەکرێن”.
ب ح