مەودا میدیا-
سەرۆکی شارەوانی شارەزوور ئاشکرایکرد کۆتاییان بە دوا قۆناغی نەخشەی زەوی فەرمانبەرانی سنووری شارەوانییەکەیان هێناوە، ئەویش بە پەسەندکردنی نەخشەکە کۆتایی بە رێکارە هونەری و کارگێڕیەکان هاتووە و ئێستا نەخشەکە ئامادەیە بۆ دابەشکردنی زەوییەکان بەسەر فەرمانبەران، مامۆستایان، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و پێشمەرگە، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانانی سیاسیی.
سالار ئەحمەد رەشید، سەرۆکی شارەوانیی شارەزوور بە مەودا میدیای راگەیاند “نەخشەکە زیاتر لە (پێنج هەزار پارچە زەوی) دەبێت لەسەر رووبەری نزیکەی (هەزار و 600 دۆنم زەوی)، سەرجەم ئەو چینوتوێژانەی ناویان دەرچووە زەوی وەردەگرن”
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “رووبەری هەر پارچە زەویەک (200 مەتر دووجا)یە، چەند رۆژی ئایندە دوای تەواوکردنی رێکارەکانی پێدانی قەرەبووی جووتیارەکان دەستدەکەن بەدابەشکردنی زەوییەکان بەپێی پێورەکانی هاتوو لە رێنمایی دابەشکردنی زەوی فەرمانبەران”.
ئەوەشی خستەڕوو ” بنەمای شەفافییەت و دادپەروەریی جێبەجێ دەکرێت و هیچ کەس نامێنێتەوە لە سنووری شارەوانییەکەیان کە زەوی وەرنەگرتبێت کە زیاتر لە (چوار هەزار هاوڵاتیی) سوومەند دەبن لەم دابەشکردنەدا، بۆ ئەم کارەش پێویستە سوپاسی تایبەتی ئەو کەس و لایەنانە بکەن کە هاوکار و یارمەتیدەری تەواوکردنی کارەکانیان بوون”.
ب ح