چەپەکان: دانیشتنەکەی پەرلەمان ئەنجامی نەرێنی لێکەوتەوە

مەودا میدیا-

پارتە چەپەکانی کوردستان سەبارەت بە دۆخی سیاسیی و حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و ئاشکرایانکرد ​لە سایەی بارودۆخێکی هەرێمی و نێودەوڵەتیی زۆر هەستیار و ئاڵۆزدا، و لە کاتێکی دژواردا کە هەرێمی کوردستان تێیدا دەرباز دەبێت.

پارتە چەپەکانی کوردستان رایانگەیاند “پاش تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ، لە رۆژی 2026/11/4 دانشتنی پەرلەمان ئەنجامدرا و دەستەی سەرۆکایەتیی هەڵبژێردرا، بەڵام ئەم هەنگاوە بەهۆی نەبوونی ڕێککەوتنی پێشوەختە لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەتایبەتی و لایەنە سیاسییەکان بەگشتیی، لێکەوتەی نەرێنی هاتەپێش”.

ئاماژەیان بۆ ئەوەشکرد “ئەوان لە کۆڕبەندی چەپی کوردستان، بە نیگەرانییەکی قووڵەوە لەو دۆخە دەڕوانن و داواکارن لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا، لایەنەکان لە چارەسەرێکی هاوبەش نزیک ببنەوە و دەروازەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، پێکەوە بەڕێوەبردنی هەرێم و پاراستنی دامەزراوە یاسایی و دەستوورییەکان بدۆزنەوە، قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکان لە بەرژەوەندیی گشتیدا نییە و مەترسیی گەورە لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان و ئەو دەستکەوتانە دروست دەکات کە بە خوێن و قوربانیدانی گەلەکەمان بەدیهاتوون”.

ئەوەشیان خستەڕوو “​لێکەوتەکانی ئەم قەیرانە سیاسییە و قووڵکردنەوەیان، سێبەرێکی قورس دەخەنە سەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان و سەقامگیریی گشتیی، بۆیە یەکخستنی هەوڵەکان بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، پێویستی بە ئیرادەیەکی هاوبەش هەیە لەپێناو کۆکردنەوەی توانای هێزە سیاسییەکان و رووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییەکانی ناوچەکە و پێشهاتە بەردەوامەکاندا”.

باسیان لەوەشکرد “لە روانگەی هەستیاریی قۆناغەکە و هەستکردنیان بە بەرپرسیاریی مێژوویی ، داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت حزبە دەسەڵاتدارەکان دەکەن دەستبەجێ بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان لەبەرچاوبگرن، هەروەها ​گەیشتن بە چارەسەرییەکی دادپەروەرانە کە مسۆگەریی ، هاوبەشی راستەقینە لە حکومڕانیدا بکات و قەوارەی هەرێم بپارێزێت، چونکە ئەم قۆناغە بەرگەی زیاتری پەرتەوازەیی و لێکترازان ناگرێت و دابینکردنی سەقامگیری و داهاتووی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارییەکی مێژووییە لە ئەستۆی هەموو لایەکدا”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان