مەودا میدیا-
بەرپرسێكی عیراقی جەخت لەوە دەكاتەوە كە هەنگاوەكانی حكومەت بۆ كۆتاییهێنان بە قاچاخچێتیی نەوت كەركوك، هەولێر و سلێمانیش دەگرێتەوە و تەنیا لە جورف سەخر نابێت.
زیا زەیدی، ئەندامی لیژنەی دەستپاكیی پەرلەمانی عیراق، جەختی لەوە كردووەتەوە “جووڵەكانی حكومەت بۆ سەپاندنی سەروەریی یاسا و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیی نەوت، تەنیا لە ناوچەی جورف سەخر سنووردار نابێت، بەڵكو سەرجەم پارێزگاكان دەگرێتەوە لە نێویاندا هەرێمی كوردستان، كەركووك و پارێزگاكانی دیكەش”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە “حكومەت بە یەك چاو و بەبێ جیاوازی سەیری هەموو ناوچەكانی وڵات دەكات لە زاخۆوە تا فاو و لە رۆژهەڵاتەوە تا رۆژئاوا”.
روونیشی كردەوە “لە هەر شوێنێك ئەو سامانانە هەبن سەپاندنی شكۆی دەوڵەت، دەسەڵاتی یاسایی و دەستووری و پاراستنی سامانە سروشتییەكان، جێبەجێ دەكرێت”.
باسی لەوەش كرد “پرۆسەكانی بەقاچاخبردن لە باكووری عیراق لە كەركوكەوە تا سنوورەكان بوونیان هەیە، سەرەڕای بوونیان لە بەسرە، لە راوەدوونانیاندا لە هیچ ئاستێكدا ناوەستین”.
وتیشی “ئەنجومەنی نوێنەران لیژنەیەكی پەرلەمانیی تایبەتمەندی پێكهێناوە بۆ بەدواداچوونی دۆسیەكانی قاچاخچێتیی نەوت لە جورف سەخر، كەركوك، هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دیكە، لەپاڵ بەدواداچوون بۆ بەئامانجگرتنی كێڵگەی كۆرمۆر لە سلێمانی”.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دەستپاكیی پەرلەمان ئاشكراشی كرد “حكومەت رێكاری هاوشێوەی گرتووەتە بەر و جووڵەی كردەیی هەیە كە دۆسیەكانی نەوت لە كەركوك، هەولێر، سلێمانی، بەسرە و ناوچەكانی دیكە دەگرێتەوە بە مەبەستی پاراستنی سامانی نیشتمانی”.
ئ پ