مهودا میدیا-
تاقمی حوسییەکان دەستیان کردووە بە بەهێزکردنی پێگە سەربازییەکان لەسەر ئەو گردانەی کە روویان لە باب ئەلمەندەب و مۆخا كردوه، ئەمەش لە کاتێکدایە کە باس لە بەشداریی شارەزایانی سوپای پاسداران و حیزبوڵڵای لوبنان لە هێرش و ئۆپەراسیۆنی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکەن.
سەرچاوەکانی یەمەن بە سکای نیوز عەرەبییان ڕاگەیاندووە “حوسییەکان دوای دەستبەسەرداگرتنی ئەو ناوچەیە دەستیان کردووە بە دامەزراندنی پێگەی سەربازیی لەسەر لوتکەی گردەکان کە دەڕوانێتە گەرووی باب ئەلمەندەب و شاری مۆخا”.
حوسییەکان سەرنجیان لەسەر دروستکردنی رێگاوبانەکانە کە بەرەو ئەو گردانە دەچن، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ گواستنەوە و هەڵگرتنی چەک و کەلوپەل لە شوێنە شاخاویەکان بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی داهاتوو.
لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، سەرچاوە هەواڵگرییەکانی یەمەن راپۆرتیان دا کە کارناسانی سوپای پاسدارانی ئێران و ئۆپەراتیڤەکانی حیزبوڵڵای لوبنان بە شێوەیەکی چالاکانە بەشدارییان لە هێرشی ئەم دواییەی حوسییەکان کردووە، کە لە ئەنجامدا ئەو گرووپە کۆنترۆڵی کەنارەکانی رۆژئاوای یەمەن و گەرووی باب ئەلمەندەبی لێکەوتەوە.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە “شارەزایانی سوپای پاسداران و حزبوڵڵا رۆڵى سەرەکییان لە کارپێکردنی مووشەک و فرۆکە بێفڕۆکەوانەکاندا هەبووە، هەروەها هەڵدانی مووشەکەکانیان ئەنجامداوە کە هێزەکانی حکومەتیان کردوهتە ئامانج.
تێکهەڵچوونەکان کە لە باشووری رۆژئاوای یەمەن چڕبوونەتەوە، لە چەند رۆژی ڕابردوودا سەدان کەسی لێ کوژراون و زۆرێک لە بنەماڵەکانی ناچار کردووە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن.
لە چەند رۆژی رابردوودا پێشهاتە بەرچاوەکانی کەناراوەکانی رۆژئاوای یەمەن بەخۆیەوە بینیوە و حوسییەکان پێشڕەوی و گرتنی ناوچە و شوێنە ستراتیژییەکانیان راگەیاندووە، لەوانە شاری مۆخا و باب ئەلمەندەب.
ع