مەودا میدیا-
بەڕێوەبەری گشتیی نەوت و کانزاکان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئاشکرایکرد هەموو رێکارە کارگێڕییەکان بۆ ناردنی غازی ماڵان لە بەغداوە تەواو بوون و بڕیارە ئەمڕۆ کاتی ناردنی غازەکە دیاری بکرێت.
فەلاح سەید مەولود، بەڕێوەبەری گشتیی نەوت و کانزاکان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە میدیای پارتی راگەیاندووە “هەموو رێکارەکانی گواستنەوە و کارگێڕییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکان بۆ ناردنی غازی ماڵان لە وەزارەتی نەوتەوە بۆ هەرێمی کوردستان تەواو بوون و چاوەڕێی بەغدان”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بڕیارەکە لە لایەن وەزارەتی نەوتەوە دواخراوە، چونکە نزیکەی دوو هەفتە پێش ئێستا، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق بڕیاری ناردنی غازەکەی بۆ هەرێمی کوردستان داوە و هەموو رێکارەکانیش تەواو بوون، هەروەها تاوەکو هەفتەیەکی تریش بەرهەمهێنانی غاز لە کۆرمۆر دەستپێناکاتەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو “داوای 760 تۆن غازی بۆ هەر چوار پارێزگاکە کردووە (هەولێر 300 تۆن، سلێمانی و هەڵەبجە 260 تۆن و دهۆکیش 200 تۆن)، بەڵام پێدەچێت بەغدا پێداچوونەوە بە بڕی بەردەستی خۆیدا بکات، بەڵام ئەگەر 500 تۆ بنێرێت، ئەوکات پشکی هەولێر دەبێتە 200 تۆن، سلێمانی و هەڵەبجە 180 تۆن و 120 تۆنیش بۆ دهۆک دەمێنێتەوە”.
ب ح