مەودا میدیا-
شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەمپارتی) کە لە (پەروین بوڵدان، مەدحەت سنجار و پارێزەر فایەق ئۆزگور ئێرۆل) پێکهاتبوون سەردانی ئیمراڵیان کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەوە، دواتر راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.
شاندی دەمپارتی رایگەیاند “عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە مانگی رابردوودا گواستراوەتەوە بۆ باڵەخانەیەکی نوێ لەناو کۆمەڵگەی زیندانەکەدا کە ئەمەش پێشهاتێکی ئەرێنییە، هەروەها قۆناغی ئێستای پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی، پێویستی بە رەخساندنی توانای پێویست هەیە بۆ ئەوەی ئۆجەلان بتوانێت هەوڵەکانی بۆ یەکێتی مێژوویی و ئاشتیی نێوان تورک و کورد بەردەوامی پێبدات”.
شاندەکەیان پوختەی هەڵسەنگاندنەکانی ئۆجەلانی سەبارەت بە قۆناغی سیاسیی ئێستا گواستووەتەوە، کە بەمشێوەیەیە:
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارت کرێکارانی کوردستان: ئێمە لەبەردەم قۆناغێكداین کە لایەنی کردەیی بەهێزی هەیەو خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی کۆماردا پێکدەهێنێت، تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە گواستنەوە بۆ قۆناغێكی تر پێویستی بە چڕکردنەوەی هەوڵەکان لەسەر هەموو ئاستەکان و درك كردن بە مەترسییەكان هەیە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان: بۆ ئەوەی سیاسەت لە تورکیا لە ناو هاوکێشەی فشارو گێچەڵكردن و کاردانەوەدا قەتیس نەمێنێت، هۆشداریدا لەوەی، داخرانی گۆڕەپانی سیاسی دەرگا دەکاتەوە بۆ جوڵەی هێز و دینامیکییەتی دەرەوەی چوارچێوەی دیموکراسی کە هێزەکانی ئاشتی و دیموکراسی، لە سەرووشیانەوە، کورد دەکەنە ئامانج بۆ تێکدانی هەردوو بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی، وتوشەیەتی، باشترین وەڵام بۆ هەر پیلانێکی تێکدەرانە، قایمکردنی پرۆسەکەیە لە رێگەی یاسای دیموکراتی و سیاسەتی ئازادەوە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان: ئەو وەک پرسێکی دیموکراتی سەیری پرسی کورد دەکات، هەنگاونانی مێژوویی بۆ چارەسەرکردنی لە بەرژەوەندیی هەموو چین و توێژە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی تورکیادایە، تەنها دژی عەقڵییەتە رەگەزپەرستەکان و چالاکییە کودەتاچییەکانە، داواشی کرد سیاسەت بەپێی بەرنامەیەکی پڕەنسیپداری تۆکمە و دوور لە حیساباتی رۆژانە بەڕێوەببرێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان: دادپەروەریی و یاسا و دیموکراسی داواکاریی هەموو گەلانی تورکیان نەک تەنها کورد، کورد لەگەڵ ئاشتی، برایەتی و دەستگرتنە بە کۆمارەوە، بەشداریکردنیشی تێیدا لە رێگەی زەمینەیەکی دیموکراتیی گەرەنتیکراوەوە دێتە دی کە دان بە هەموو ناسنامەکاندا بنێت، هەروەها رەخنەی لەوانە گرت کە بە کۆماریخوازە داخراوەکان و خاوەن عەقڵییەتی پەراوێزخستن وەسفی کردن و پێی وابوو کۆماری دیموکراتی ئەو کۆمارەیە کە تورکیا گەورە دەکات و دەیکاتە نمونەیەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ڕێگەی گەرەنتیکردنی پێگەی یاسایی کورد وەک پێكهاتەیەی دامەزرێنەری رەسەن، شانبەشانی پاراستنی ماف و ئازادییەکانی سەرجەم گەل و بیروباوەڕەکانی وڵات.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان: لە سایەی ئەم ئامانجە گەورانەدا، هیچ پاساوێکی قبووڵکراو بۆ هەندێک لەو ڕەفتارانەی ئێستا دەکرێن نییە، بەتایبەت روودانی حاڵەتەکانی مردن لە ناو زیندانەکاندا، سوتاندنی ساڵانی جێبەجێکردنی سزاکان (درێژکردنەوەی ماوەی زیندانیکردن و ڕێگریکردن لە ئازادکردنی مەرجدار) و پەیڕەوکردنی رێکاری جیاواز لە نێوان زیندانەکاندا، هەموویان گێەڵكردنێكی راستەوخۆن بە ئامانجی پەکخستنی پرۆسەی ئاشتی.
ب ح