دادگای فیدراڵی عیراق یاسایەكی پەیڕەوكراوی هەرێمی هەڵوەشاندەوە

مەودا میدیا-
ئەمڕۆ سێشەممە دادگای فیدراڵی عیراق بڕیارێكی سەبارەت بە یاسای سزادان لە هەرێمی كوردستان دەركرد.

لە بڕیارەكەدا دادگای فیدراڵی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە “یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی هەرێم” یاسایەكی نادەستورییە و كاری پێناكرێت”.

یاسا ژمارە(21)ی ساڵی /2003 لە دانیشتنی رۆژی (25/9/2003)ی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان پەسەند كراوە كە پێكهاتووە لەم ماددانەی خوارەوە:
ماددەی یەكەم:
ماددەی (156)لە یاسای سزاكانی عیراقیی ژمارە(111)ی ساڵی (1969)ی هەموار كراو لە كار دەخرێ و،ئەمەی خوارەوە،لە هەرێمی كوردستانی عیراقدا جێگای دەگرێتەوە:
(هەركەسێ بە دەستی ئەنقەست و بە هەر شێوەیەك دەبێ، ببێ لە كارێكدا تێوەگلێ بە مەبەستی زیاندان لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستانی عیراق و ببێتە هۆی كەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندكردنی هەتا هەتا یان بە بەندكردنی كاتی سزا دەدرێت.
ماددەی دووەم:
لە ماددەی (157)ــەوە تا دەگاتە ماددەی (189) لە یاسای سزاكانی عیراقی ژمارە (111)ی ساڵی (1969)ی هەمواركراو كە تایبەتن بە جەریمە گەلی زیانبەخش بە ئاسایشی دەرەوەی دەوڵەت لە هەرێمی كوردستاندا لە كار دەخرێت.
ماددەی سێیەم :
لە ماددەی (190)ــەوە تا دەگاتە ماددەی (195) و لە ماددەی (198) یشەوە تا دەگاتە ماددەی (219) لە یاسای سزاكانی عیراقی ژمارە (111)ی ساڵی (1969)ی هەمواركراو كە تایبەتن بە جەریمەگەلی زیانبەخش بە ئاسایشی ناوەوەی دەوڵەت،لە هەرێمی كوردستاندا لە كار دەخرێن.
ماددەی چوارەم:
ماددە گەلی (223، 224، 225، 227، 228) لە یاسای سزاكانی عێراقی ژمارە (111)ی ساڵی (1969)ی هەمواركراو كە تایبەتن بە جەریمەگەلی دژ بە دەسەڵاتی گشتی لە هەرێمی كوردستاندا لە كار دەخرێن.
ماددەی پێنجەم:
پێویستە لەسەر ئەنجومەنی وەزیران حوكمەكانی ئەم یاسایە بخاتە بەركار.
ماددەی شەشەم:
ئەم یاسایە لە رۆژی دەرهێنانییەوە دەخرێتە بەركارو لە (وەقایعی كوردستان)دا بڵاو دەكرێتەوە.

ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان