وەزارەتی دارایی روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە

مەودا میدیا-
وەزراەتی دارایی هەرێم روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و تیایدا دەڵێت” هەموو ئەو قسانە ناڕاستن كە دەڵێن شاندی وەزارەتی دارایی چوونەتە بەغدا و داوای دواخستنی ناردنی موچەیان كردووە”.

دەقی روونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی وەك خۆی:
روونكردنەوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە
(پەتی درۆ كورتە)
ماوەی چەند رۆژێكە لە بەشێك لە میدیاكان و پەیج و سۆشیال میدیاوە هەڵمەتێكی چەواشەكارانە و دەربڕینی ناڕاست بۆ دواین سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد دەكەن و هەندێكیان دەڵێن شاندەكە داوای دواخستنی ناردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی هەرێمی كوردستانیان كردووە، بۆ بەدرۆخستنەوەی ئەو هەڵمەتی درۆ و ریاكارییە رایدەگەیەنین:
هەركەس و لایەن و میدیا و پەیجێك باسی ئەوەی كردبێت كە گوایە شاندی هەرێم داوای نەناردنی مووچەی كردبێت راست ناكات و درۆیەكە و شاندی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی پابەندە بە بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە كە مووچەی بەدەركردووە لە هەموو كێشە و بابەتێكی سیاسی و تەكنیكی و هتد…. بۆیە ئەو قسانە هیچ پەیوەندییەكیان بە راستییەوە نییە.

روونیدەكەینەوە ئەركی دواین سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد پەیوەست بووە بەچەند پرسێكەوە لەوانە:
١- كێشەكانی تایبەت بە گومرگ و هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی سیستەمی ئاسیكۆدا.
٢- كێشەكانی تایبەت بە باج و كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان.
٣- كێشەكانی تایبەت بە لێخۆشبوونی گومرگی و پاراستنی بەرهەم و پرسی كوالیتی كۆنترۆڵ.

هەرچی پەیوەستە بە بابەتی داهاتی ناوخۆ، لە كۆبوونەوەیەكی لاوەكیدا شاندی هەرێم لە گەڵ بەڕێز وەزیری دارایی عیراق لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆیان كردووە و شاندەكە داوای كردووە بەپێی یاسای بوودجە و یاسای ئیدارەدانی دارایی مامەڵە لەگەڵ داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بكرێت، واتە لە ( ٥٠٪ )ی داهاتە ناوخۆییەكان بدرێتە حكومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای راپۆرتەكانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە.

بەوپێیەی كە هەمیشە داهات تا كۆتایی مانگ كۆنابێتەوە، بە شێوەیەكی ئاساییش راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە بەپێی یاسا دەكەوێتە دە رۆژی مانگی دواترەوە، كە داهات تا كۆتایی مانگ كۆنەبێتەوە و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەش دەرنەچێت، داهات و خەرجی مانگانە بەردەست نابێت، چۆن دەكرێت بەو بیانووە مووچە رابگیرێت و دوابخرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان
٤ ی تەمووزی ٢٠٢٦
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان