بۆچی دەبێت رۆڵەی کورد خوێنی لێ بچۆڕێت؟

بێری غەریب

بۆچی دەبێت رۆڵەی کورد خوێنی لێ بچۆڕێت؟  بۆچی دەبێت هەر جارێک ناکۆکییەکان لەنێوانماندا گەورە دەبن، نرخی ئەو ناکۆکییە خوێنی گەنجێکی نیشتمانەکەمانە؟

ئەو پرسیارە تەنها پرسیارێکی سادە نییە؛ پرسیارێکە کە دەبێت لە ناخی هەر مرۆڤێکی دڵسۆزدا درووست ببێت، چونکە لە پشت هەر خوێنێکی رژاو چیرۆکی ژیانێک هەیە، خەونێک هەیە، خێزانێک هەیە، دایکێک هەیە کە چاوەڕوانە، باوکێک هەیە کە بە هیواوەیە، خوشک و برا و هاوڕێیانی هەن کە بە دڵێکی پڕ فرمێسک چاوەڕوانی گەڕانەوەیەتی.

رۆڵەی کورد تەنیا ژمارەیەک نییە، بەڵکوو ئەو مرۆڤێکە کە مافی ژیان، ئارامی و خۆشی و داهاتووی هەیە، ئەوەی کە لەدایکبووە بۆ ئەوەی بژی، بخوێنێت، کاربکات، خێزان پێکبێهنێت بەشداربێت لە درووستکردنی داهاتووی کۆمەڵگەکەی، نەوەک بەهەر بیانووێک بکوژرێت، بۆچی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا خوێن دەبێتە وەڵامی هەر ناکۆکییەک؟ بۆچی کاتێک جیاوازییەکانمان زۆر دەبن، یەکەم شت بیری لێ دەکەینەوە نرخی ژیانە؟ بۆچی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لە پێش توندوتیژی و هەڵچوونەوەدا نابێت؟

ئێمە پێویستمان بەو نیشتمانەیە، کە رۆڵەکانمان تیایدا پارێزراو بێت، پێویستمان بە هێزێکە کە پارێزگارییان لێبکات، نەوەک خۆی خوێنیان لێ بچۆڕێنێت، گەنجی نیشتمانەکەمان دەبێت پارێزراو بێت کە سادەترین مافە.

دایکانی نیشتیمانەکەمان دووبارە و دووبارە شەیانی چاوەڕوانی لەبەر دەرگای نەخۆشخانە و یان هەر هەواڵێکی  ناخۆش و جەرگ سوتاندن نیین .

ئەگەر بەڕاستی دڵمان بۆ داهاتووی کوردستان دەسووتێت، دەبێت پاراستنی ژیان بۆمان ببێتە بنەمای هەموو هەنگاوێک، دەبێت خاکەکەمان چیتر بۆنی خوێنی رۆڵەی نیشتمانەکەمانی لێ نەێت .ئەمە کاتی ئەوەیە کە لە خۆمان بپرسین؛ ئایا پێویستە بۆ سەلماندنی ناسنامەم، بە خوێن ژیانی مرۆڤێک لە دەست بچێت؟

وەڵامەکە دەبێت بە دەنگێکی بەرز نەخێر نەخێر بۆ خوێنڕشتن، نەخێر بۆ توندوتیژی، نەخێر بۆ کوشتنی گەنجان، نەخێر بۆ ئەو بیرکردنەوەی کە مرۆڤ دەکاتە قوربانیی ناکۆکییەکان.

 رۆڵەی کورد پێویستی بە چەک و خوێن نییە، پێویستی بە خوێندن، کار و هیوایە، پێویستی بە دەرگای زانکۆ، شوێنی کار و ژینگەیەکی ئارامە، پێویستی بە داهاتوویەکە کە تێیدا بتوانێت بە ئارامی بژی و خەونەکانی بەدیبێت .

با رۆڵەکانی کورد بە ژیان بناسرێن نە بە ژمارەی قوربانییەکان. با دایکانی کورد بە خەندەی رۆڵەکانیان دڵخۆشبن نە بە فرمێسک لەسەر گۆڕەکانیان.

ر.س

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان