توركیا دەستورێكی نوێ‌ بۆ وڵاتەكەی دادەنێت

مەودا میدیا-
سەرۆكی توركیا دەڵێت “كار دەكەین بۆ دەركردنی دەستوورێكی مەدەنی نوێ لە وڵاتدا و سەرەڕای ناسەقامگیری دەورووبەریشمان توكیا زیاتر بۆ پێشەوە دەبەین”.

رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند “دەمانەوێت یەكێك لە گەورەترین خزمەتەكانمان پێشكەش بە وڵاتەكەمان بكەین، ئەویش دەركردنی دەستوورێكی مەدەنییە بۆ نەتەوەكەمان، كە بەڵگەیە لەسەر پێگەیشتنی دیموكراسیی توركی”.

وتیشی “توركیا بەرەو داهاتووی هاوبەشی خۆی دەڕوات بە هاوپشتییەكی تەواوی نێوان دەوڵەت و گەل، سەرەڕای دۆخی ناسەقامگیری و ململانێی دەوروبەرمان”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد “وڵاتەكەی پێشكەوتنێكی گەورەی بەدەستهێناوە لە چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان كە نزیكەی نیو سەدەیە بووەتە بارقورساییەكی زۆر لەسەر توركیا”.

باسی لەوەش كرد “توركیا بەهۆی ئەو كار، خزمەتگوزاری و پڕۆژانەی لە بوارەكانی بەرگری، بەرهەمهێنان، سیاسەتی دەرەوە، تەندروستی، دادپەروەری، پەروەردە، گواستنەوە و زۆر بواری تردا جێبەجێ كراون، گەیشتووەتە ئەو پێگەیەی كە شایەتییەتی”.

جەختی لەوەش كردەوە “حكومەتەكەی بەردەوامە لە بەهێزكردنی بەرەی ناوخۆیی خۆی، كە قەڵای پتەویەتی دژی هێرشە ناوخۆیی و دەرەكییەكان، لە رێگەی دەستپێشخەریی نوێوە”.

ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان