مەودا میدیا-
هەرچەندە هەفتەی رابردوو نرخی زێڕ بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووە و نرخی هەر ئۆنسەیەك گەیشتە 4,150 دۆلار، بەڵام ئەمڕۆ كۆتایی بەو بەرزبوونەویە هێنا و دەستیبە دابەزین كرد.
ئەمڕۆ نرخی یەك ئۆنسە زێڕ لە بازاڕەكانی جیهاندا دابەزی بۆ 4,075 دۆلار و لە ئێستادا بەو نرخی مامەڵەی پێوە دەكرێت.
پێشڕەو محەممەد، شارەزای بازاڕەداراییەكان بە مەودا میدیای راگەیاند “یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی دابەزینی نرخی زێڕ دەگەڕێتەوە بۆ لێدوانە بەردەوامەكانی بەرپرسانی بانكی ناوەندیی ئەمەریكا كە دەیانەوێت هەڵاوسان بە تەواوی كۆنترۆڵ بكەن”.
وتیشی “لەلایەكی ترەوە بازرگانان پێشبینی بەرزكردنەوەی رێژەی سوود دەكەن لە مانگی داهاتوودا لەلایەن بانكی ناوەندی ئەمەریكاوە كە ئەگەر ئەوەش رووبدات دەبێتە هۆی دابەزینی زیاتر و بەرچاوی نرخی ئەو كانزا زەردە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد “ئەگەر بازرگانان دڵنیابن لەوەی كە ئەمەریكا هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران ئەنجام نادات و دابینكردنی وزە بۆ بازاڕەكانی ئەوروپا بەردەوام بێت، ئەوا پێدەچێت نرخی زێڕ پێش راگەیاندنی رێژەی سوود لەلایەن بانكی ناوەندی ئەمەریكاوە زۆر زیاتر لەو نرخی ئێستا دابەزێت”.
ئ پ