مەودا میدیا-
بە مەبەستی ئامادەكاری بۆ وەرزی حەجی ئەمساڵ، وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە لەگەڵ بەرپرسانی فەرمانگەكانی كاروباری حەج لە 76 وڵاتی جیاواز كۆبووەوە.
توفیق بن فەوزان ئەلرەبیعە، وەزیری حەج و عومرەی سعودیە رایگەیاند “وەرزی حەجی ئەمساڵ یان ساڵی 1448ی كۆچی چەندین گۆڕانكاری تێدا دەبێت كە ئامانج لێی بەرزكردنەوەی ئەزموونی حاجیان و زیادكردنی كارایی و بەرزكردنەوەی هەم توانای كێبڕكێ و هەم كوالیتی خزمەتگوزارییەكانە”.
وتیشی “وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە 11 رێڕەوی راهێنانی بۆ فەرمانگەكانی كاروباری حەج و نۆ رێڕەوی بۆ كۆمپانیاكانی دابینكردنی خزمەتگوزاری دەستپێكردووە كە بوارەكانی وەك شوێنی نیشتەجێبوون، خواردن و خواردنەوە، گواستنەوە و بەڕێوەبردنی قەرەباڵغی دەگرێتەوە”.
ئەلرەبیعە تیشكی خستە سەر پێنج ئەولەویەتی سەرەكی بۆ ئامادەكاری بۆ وەرزی داهاتووی حەج، كە پێش هەموویان پابەندبوونە بە هێڵە كاتییە دامەزراوەكان و ئامادەكاری پێشوەختە”.
داواشی لە فەرمانگەكانی كاروباری حەج كرد بەپەلە گرێبەستەكان یەكلایی بكەنەوە و ڤیزا بدەن پێش وادەی دیاریكراو لە 1ـی شەوال.
ئ پ