مەودا میدیا-
بەپێی ئاگاداركردنەوەیەك كە كشتوكاڵی گەرمیان بڵاویكردووەتەوە، ئەو كەسانەی كە دەرچووی بەشی كشتوكاڵن دەتوانن خۆیان ناونوس بكەن بۆ بینینی خولێك كە دواتر دەتوانن ببنە سەرپەرشتیاری پرۆژە كشتوكاڵییەكان.
ستار ئەوتاق، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی گەرمیان بە مەودا میدیای راگەیاند “لە ساڵی 2023 خولێكی تایبەتیان بۆ نزیكەی 150 دەرچووی بەشی كشتوكاڵی كردووەتەوە و بڕوانامەی باوەڕپێكراویان پێدراوە كە بە هۆیەوە توانیویانە وەك سەرپەرشتیار لە پرۆژە كشتوكاڵییەكاندا كار بكەن”.
وتیشی “بۆ ئێستاش لەسەر داوای بەشێكی تر لەو دەرچووانە هەمان خول دەكەنەوە بۆئەوەی ئەو كەسانەی پێَشتر نەیانتوانیوە بەشداری بكەن بۆ ئەمجارە بەشدار بن و بڕوانامەكە وەربگرن”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد “هەر دەرچوویەكی بەشی كشتوكاڵی كە دانەمەزراوە ئەگەر ئەم خولە نەبینێت و بڕوانامەكە وەرنەگرێت، ئەوا لە داهاتوودا بەپێی یاسا ناتوانێت لە هیچ پرۆژەیەكی كشتوكاڵیدا ببێتە سەرپەرشتیار”.
باسی لەوەش كرد “لە رۆژی 22ـی ئەم مانگە خولەكە بۆ دەرچووانی بەشی ئاژەڵی، واتا سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری و لە رۆژی 23ـی مانگیش بۆ دەرچووانی بەشی رووەكی و هەموو بەشەكانی كشتوكاڵی دەستپێدەكات”.
جەختی لەوەش كردەوە “ئەو كەسانەی بەشداری دەكەن لە كۆتایی خولەكەدا تاقیكردنەوەیان پێدەكرێت و مەرجە لە تاقیكردنەوەكە دەربچن بۆئەوەی ببنە خاوەنی بڕوانامە”.
ئ پ