مەودا میدیا-
حكومەتی عیراق بە نیازە بە ئامانجی نوێكردنەوەی ژێرخانی كەرتی كارەبا چەند هەنگاوێكی گرنك بنێت و یەكێك لەوانەش دانانی پێوەری زیرەكی كارەبایە.
ئەحمەد توركی، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عیراق رایگەیاندووە “دەرگای پێشكەشكردن لە بەردەم كۆمپانیا پسپۆڕەكاندا كراوەتەوە بۆ بەشداریكردن لە جێبەجێكردنی پڕۆژەی گرێبەستی مۆڵەتی وەبەرهێنان لە بەڕێوەبردن، كارپێكردن و پەرەپێدانی تۆڕەكانی دابەشكردنی وزەی كارەبا لە عیراق، بە ئامانجی نوێكردنەوەی ژێرخانی كەرتەكە، كەمكردنەوەی بەفیڕۆچوونی كارەبا و باشتركردنی ئاستی خزمەتگوزاریی پێشكەشكراو بە هاوڵاتییان”.
وتیشی “پڕۆژەكە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی وەزارەتدا دێت بۆ بەشداریكردنی كەرتی تایبەت لە پەرەپێدانی كەرتی دابەشكردندا، لە رێگەی پشتبەستن بە نوێترین سیستەمە كارگێڕی و تەكنەلۆژییەكان، بە شێوەیەك كە ببێتە هۆی بەهێزكردنی سەقامگیریی پێدانی كارەبا و سنوورداركردنی بەفیڕۆدان و ونبوونە تەكنیكییەكان لە تۆڕی نیشتمانیدا”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد “ئەو كۆمپانیایانەی ئارەزووی بەشداریكردنیان هەیە پێویستە كۆمەڵێك پێوەری سەرەكییان تێدا بێت، دیارترینیان هەبوونی ئەزموونی تەكنیكی و كارپێكردن و تۆمارێكی سەلمێنراوە لە بەڕێوەبردن، كارپێكردن و چاككردنەوەی تۆڕەكانی دابەشكردنی وزەی كارەبادا، سەرەڕای هەبوونی توانای دارایی و توانای وەبەرهێنانی پێویست بۆ دابینكردنی بودجەی پڕۆژەكانی پەرەپێدان و نۆژەنكردنەوە و جێبەجێكردنیان بەپێی خشتە كاتییە دیاریكراوەكان”.
باسی لەوەش كرد “چارەسەری داهێنەرانە و توانای هێنانەناوەوەی تەكنەلۆژیا نوێیەكان لەلایەن كۆمپانیاكانەوە زۆر گرنگە بە تایبەتی سیستەمەكانی گۆڕانی زیرەك، پێوەری زیرەك و چارەسەرە دیجیتاڵییەكان كە دەبنە هۆی بەرزكردنەوەی كارایی دابەشكردن و باشتركردنی پڕۆسەكانی كۆكردنەوەی داهات”.
ئ پ