مەودامیدیا-
بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلار و زۆربوونی خواست لەسەر كڕینی زێڕ، ماوەی سێ هەفتەیە لەسەریەك نرخی ئەو كانزایە بەردەوامە لە بەرزبوونەوە.
شەوی رابردوو پێش داخستنی بازاڕە داراییەكان نرخی یەك ئۆنسە زێڕ گەیشتە 4,603 دۆلار كە ئەوەش بەرزترین ئاستە لە ماوەی 13 هەفتەی رابردوودا تۆماری دەكات.
پێشڕەو محەممەد، شارەزای بازاڕەداراییەكان بە مەودا میدیای راگەیاند” نرخی زێڕ لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا دابەزی بۆ نزمترین ئاستی ریتێستی مانگانە، كە ئەوەش پاڵنەرێكی سەرەكی بوو بۆ بەرزبوونەوەی نرخەكەی لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا”.
وتیشی” لەلایەكی تریشەوە دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمەریكی هۆكارێكی ترە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، چونكە ئەوە وایكردووە بازرگانان روو لە كڕینی ئەو كانزایە بكەن، چونكە نرخەكانیان بەزۆری پێچەوانەیە و هەركات یەكێكیان بەرزببێتەوە ئەوی تریان دادەبەزێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد” ئەگەر رێژەی سوودی بانكی لەلایەن بانكی ناوەندی ئەمەریكاوە بەرز نەكرێتەوە، ئەوا دوور نییە لە مانگی داهاتوودا نرخی زێڕ بگاتە سەروو 4,700 دۆلاریش، بەڵام ئەوە پەیوەستە بە بڕیاری ئەو بانكە و كڕیارانی زێڕ چاوەڕێی دڵنیایی تەواو لە بڕیاری بانكەكە دەكەن”.
ئ پ