مەودا میدیا-
ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی نەوت دابەزینی بەخۆوە بینی و لە نزیك نزمترین ئاستی سێ مانگی رابردوو مامەڵەی پێوە دەكرێت، ئەمەش بەهۆی نیگەرانییەكان لە زۆریی خستنەڕووی نەوتی خاو و ئەگەری دروستبوونی زیادەیەك لە بازاڕدا.
گرێبەستە دواخراوەكانی نەوتی خاوی برێنت 40 سەنت دابەزی و گەیشتە 97.88 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، ئەمەش دوای ئەوەی دوێنێ دووشەممە لە كاتی داخستنی بازاڕدا نزمترین ئاستی لە دوای 31ـی ئابەوە تۆمار كرد.
هاوكات گرێبەستە دواخراوەكانی نەوتی خاوی رۆژئاوای تەكساسی ئەمەریكی 23 سەنت پاشەكشەی كرد و گەیشتە 94.79 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، دوای ئەوەی لە سەرەتای دانیشتنەكانی بازاڕدا نزمترین ئاستی لە دوای 26ـی ئابەوە تۆمار كردبوو.
دابەزینی نرخی نەوت لە كاتێكدایە كە هێشتا مەترسییەكان لەسەر هاتوچۆی كەشتییە بارهەڵگرەكان بە گەرووی هورمزدا هەر بەردەوامن.
ئ پ