ئاڵای کوردستان و دیپلۆماسیەتی وەرزشی

سۆزان حەمەتاتە


بۆ رەتکردنەوەی هێرشی دڕندانەی سەر رۆژئاوای کوردستان، کورد بەشێوەیەکی گشتی چووە قۆناغی یەکگرتووییەکی گرنگەوە، لە هەموو بەشە داگیرکراوەکانی کوردستان و لەسەر ئاستی جیهانیش خۆپیشاندانی گەورە سازکران، کۆپشتیوانیی کورد بە هەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەکانییەوە، پەیامێکی راشکاوانە بوو بۆ جیهانی دڵڕەق و دژە نەتەوە چەوساوەکان، هەروەک بووە هۆکاری ئەوەیش ئەحمەد شەرع و هاوپیلانگێڕەکانی هێرشەکانیان رابگرن، ئەگەرچی بۆ خۆم بڕوام وایە لە بچووکترین دەرفەتدا هێرشدەکەنەوە سەر کورد و بۆیان بکرێت جینۆسایدی دەکەن.
لە خەباتی مەدەنیانەی کورد بۆ پشتیوانیی رۆژئاوای کوردستان و لەسەر ئاستی دەرەوە، چەندین گەنجی کوردمان بینی لەناو گەورەترین یاریگاکان و سەرنجڕاکیشترین یارییەکاندا، خۆیان گەیاندە ناو بازنەی یاریگاکان و ئاڵای کوردستانیان لەبەردەم دەیان هەزار کەسدا بەرزکردەوە کە لەهەمانکاتدا سەدان هەزار کەس لەسەر ئاستی جیهان راستەوخۆ بەدیار یارییەکانەوە دانیشتبوون.

ئەوە بازدانێک بوو لە خەباتی مەدەنیانی کورد لەسەر ئاستی دەرەوە، بەکارهێنانی یاریگای نێودەوڵەتی و بەناوبانگ کە سەدان هەزار کەس سەیری دەکەن و ورد سەرنجی هەر جووڵەیەک دەدەن لەناو یاریگاکەدا رووبدات، دەرفەتێکی باش بوو بۆ ئەوەی ئاڵای کوردستان ببێتە جێگەی سەرنجیان و قسە و پرسیاری لەبارەوە بکەن، کە ئەوەیش جۆرێکە لە بەکارهێنانی وەرزش لە کایەی دیپلۆماسی و سیاسیدا و دەرفەتێکی گرنگ و زۆرباشە بۆ نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت بۆ ئەوەی هەموو رێگە و شێوازەکانی خەبات بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی بگاتە ئامانجەکانی.

گەنجانی کورد لە خەباتی مەدەنی و کۆدەنگیی نەتەوەیی بۆ پشتیوانی رۆژئاوا ئەو بۆچوونەیان رەتکردەوە کە پێشتر لەسەریان دەوترا و بەوە تۆمەتبار دەکران کە “هەستی نەتەوەییان لاوازە”، بەڵکوو دەرکەوت ئەوان کارەکتەری سەرەکیی خەباتی شەقامی کوردستانین و بۆ نەتەوەکەیان گیان لەسەر دەستن و هەموو رێگەکانی خەبات تاقیدەکەنەوە بۆ ئەوەی رووبەڕووی دوژمنانی کورد ببنەوە، بینیمان لەوەیشدا سەرکەوتوو بوون.

لەئێستادا لە هەموو کات زیاتر لۆبیکردن بۆ نەتەوەی کورد پێویستترە، چونکە لە هەموو لایەکەوە پیلان و مەترسییەکان هەن، وڵاتنی زلهێزیش بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان هەڵوێستیان دەگۆڕن و لەبری پشتیوانی نەتەوە چەوساوەکان زۆرینەی کات دەبنە دەمڕاست و پارێزەری بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی دژە کورد و دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێنن بۆ تاقیکردنەوەی هەر جۆرە تووندوتیژییەک لەسەر نەتەوەی کورد.

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان