دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغداد بڕیارێكی لە دژی عالیە نوسەیف دەركرد

مەودا میدیا-
ئەمڕۆ سێشەممە 28ی تەمموزی 2026، دەستەی تانەی مەدەنی لە دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغداد/ئەلكەرخ، بڕیارێكی مەدەنی لە دژی عالیە نوسەیف دەركرد.

دادگاكە لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە” بڕیاردراوە كە عالیە نوسەیف دەبێت قەرەبووی دارایی بداتەوە بە حسێن یوسف ئەلتەمیمی، راوێژكاری یاسایی لە وەزارەتی ناوخۆ، بەهۆی ئەو خراپەكاری و ناوزڕاندنەی بەرامبەری ئەنجامیداوە لە كاتی راپەڕاندنی ئەركە رەسمییەكانیدا”.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە” ئەو بڕیارە بنەمایەكی یاسایی دادەمەزرێنێت كە نابێت ئەنجامدانی ئەركە رەسمییەكان ببێتە زەمینە بۆ بەئامانجكردن، سووكایەتیكردن، یان ناوزڕاندن، هەروەها یاساكە پارێزگاری بۆ هەر فەرمانبەرێك یان فەرمانبەرێكی گشتی دابین دەكات كە بەپێی بڕگەكانی یاسا پابەندە بە ئەركەكانییەوە، لە هەمان كاتدا گەرەنتی مافەكانیان دەكات كە رێكاری یاسایی بەرامبەر هەركەسێك بگرنەبەر كە پێشێلی مافەكانیان یان پێگەی پیشەییان بكات”.

لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش روون كراوەتەوە” ئەو بڕیارە دەرخەری ئەو راستییەیە كە دەسەڵاتی دادوەری عیراق لەگەڵ دەوڵەتی یاسادا وەستاوە و هەموو جۆرە سووكایەتییەك رەتدەكاتەوە كە بەهۆیەوە فەرمانبەران بكرێنە ئامانج بەهۆی ئەنجامدانی ئەركە رەسمییەكانیانەوە”.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان