دەستکاریکردنی رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان رەتدەکەینەوە

مەودا میدیا-

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبووە و ئاشکرایکرد دەستکاریکردنی رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عیراق لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵەوە رەتدەکەنەوە.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند “بەپێی ئەنجامی فەرمی سەرژمێریی عیراق، رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 14.1%ە بەڵام وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ دەستکاریی رێژەکەی کردووە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “پێویستە بەغدا ئەو رێژەیە (14.1%) بکاتە بنەما بۆ بەشە بودجەی هەرێم و داوا لە سەرۆکایەتیی کۆمار و فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکەن رێگە نەدەن دەستکاریی ئەنجامەکان بکرێت”.

ئەوەشی خستەڕوو “پشتیوانی لە هەنگاوەکانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان کرد بۆ ئەوەی زیندانییانی سیاسیی هەرێمی کوردستانیش لە هەمان ئیمتیازاتی زیندانییانی عیراق سوودمەند بن”.

دەقی راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم:

ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی شوباتی 2026، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆ بووەوە .

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان، ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی بە داتا و ژمارەی ورد لەسەر سەرژمێریی دانیشتووانی عێراق خستەڕوو کە مانگی 11ی ساڵی 2024 ئەنجامدرا و بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمی ئەنجامی سەرژمێرییەکە، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ( جگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم) بە 14.1٪ دەستنیشان کرا.

ئەم سەرژمێرییەش، پێشوەختە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا ئەنجامدرا کە بە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ پەسەند کرا و حکومەتی فیدڕاڵ پابەند دەکات بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامە و بڕیارەکانی خودی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، کە بەداخەوە وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ، لە دەرەوەی ئەو بڕیارانە و پێچەوانەی ڕێكکەوتنی هاوبەشی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵ، ڕەفتاری کردووە لەگەڵ دەرئەنجامی فەرمی سەرژمێرییەکە، کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی دەبێت لەسەر شایستەکانی هەرێمی کوردستان و پێویستی بە ڕێکاری بە پەلە هەیە بۆ ڕاستکردنەوەی.

دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و خستنەڕووی چەند سەرنج و تێبینیەک لەسەر بابەتی سەرژمێریی و لێکەوتەکانی، ئەنجوومەنی وەزیران، وێرای دەستخۆشی لە وەزیری پلاندانان بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکە، دەستکاریکردنی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیش لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵەوە ڕەت دەکاتەوە و هەنگاوی پێویستیش دەگرێتە بەر بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵە و دەستکاریکردنەکان و داواش لە حکومەتی فیدراڵ دەکات پابەند بێت بە ڕێککەوتنە هاوبەشەکان و ئەنجامی فەرمی ڕاگەیەنراوی سەرژمێرییەکە کە ڕێژەی هەرێمی کوردستان %14.1ە .

لە هەمان کاتدا، ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە سەرۆکایەتی کۆمار و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات، وەک ئەرکێکی دەستووریی و یاسایی و نیشتمانیی خۆیان ، بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەن و رێگە نەدەن دەستکاری ئەنجامەکانی ئەم سەرژمێرییە بکرێت و نابێت قبوڵی بکەن رێژەی دانیشتووانی هەرێم لە رێژەی فەرمی ڕاگەیەنراوی خۆی کەم بکرێتەوە.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەروەها داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات پابەند بێت بە ئەنجامی سەرژمێرییەکە و رێژەی دانیشتووانی هەرێم کە 14.1%ـە ، بکرێتە بنەما بۆ دەستنیشانکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و شایستە دەستوورییەکانی.

پاشان لە بڕگەی دووەمی کارنامەکە، گفتوگۆ لەبارەی بابەتی پەسەندکردنی کۆنووسی لەیەکترگەیشتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و دەزگای زیندانیانی سیاسی عێراق کرا تایبەت بە یەکخستنی ئیمتیازات و شایستە داراییەکانی زیندانیيان و گیراوانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، پشتبەست بە ماددەی 132ی دەستوور و یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2025 ی هەمواری یاسای زیندانیيانی سیاسیی عێراق، لەمبارەیەوە سەرەتا عەبدوڵڵا حاجی مەحموود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، پوختەیەکی بابەتەکەی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران خستەڕوو و دواتریش ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران وردەکاریی دەستووریی و قانونی و لایەنی دارایی بابەتەکەی خستەڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران پشتگیریی لەهەر هەنگاوێک دەکات بە ئاراستەی خزمەتکردنی زیاتری زیندانییان و ڕاگیراوانی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان و سوودمەندبوونیان لە هەمان شایستەی دارایی و ئیمتیازاتی هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، لە هەمانکاتدا جەختکرایەوە لە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندییە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و داڕشتنی میکانیزمیی پێویست بۆ زامنکردنی خەرجکردنی ئەو شایستە داراییانە بۆ زیندانیان و گیراوانی سیاسیی کە بە گوێرەی ماددەی 132 ی دەستوور ، ئەرک و بەرپرسیارێتی دەستووریی حکومەتی فیدڕاڵیە بە یەک چاو سەیری هەموو زیندانیانی سیاسیی بکات لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بۆ ئەم مەبەستە، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕاسپێردرا کە درێژە بە گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ دەزگای زیندانییانی سیاسی عێراق بدەن بۆ دەستنیشانکردنی میکانیزم و چوارچێوەی ڕوون و دیار بۆ جێبەجێکردنی ئەم بابەتە بە ڕەچاوکردنی ئەو سەرنج و تێبینیانەی لە کۆبونەوەکە خرانەڕوو.

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان