“1000 ئەندامی سوپای پاسداران لەناو خاکی کەنەدان و هەڕەشەن بۆ ئەمەریکا”

مەودا میدیا- نەسیم محێدین کاکە*

بەپێی راپۆرتێکی نیویۆرک پۆست زیاتر لە 1000 کەسی گومان لەسەر بە بوونی پەیوەندیی بە سوپای پاسدارانی ئێران لەناو خاکی کەنەدان، ئەوەیش مەترسیی گەورەی ئەمنییە بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هاوبەشەکانی “ئەگەر مامەڵەیەکی وردیان لەگەڵ نەکرێت”.

میشێل ریمپڵ گارنەر، ئەندامی پەرلەمانی کەندا (لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن) و وەزیری کۆچ و کۆچبەران لە حکومەتی سێبەری دروستکراو، لە بەیاننامەیەکدا وتوویەتی “ئەمە کێشەیەکی گەورەیە و تەنها نیگەرانیی کەنەدا نییە و نابێت، بەڵکو هاوپەیمانان و هاوبەشە ئەمنییەکانمان دەگرێتەوە و مەترسین لەسەریان”.

“کەسایەتییە پەیوەندیدارەکان بە رژێمی ئێرانەوە سوود لە سیاسەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچبەران وەردەگرن کە زۆر ئاسانکارییان بۆ دەکات، هەروەها لە ئەگەری رەتکردنەوەی پێ نەدانی مافی مانەوەشیاندا، دەرکردنیان لە کەندا قورسە”، ئەمە بەپێی قسەی میشێل ریمپڵ گارنەر، ئەندامی پەرلەمانی کەندا (لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن).

“ئێران دژی شەیتانە گەورەکەیە”

جۆ ئادەم جۆرج، توێژەر لە سەنتەری توێژینەوەی کۆڕبەندی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە فیلادلفیا ئاماژەی بەوە کردووە “بنەمای ستراتیژ و سیاسەتی ئێران دژوەستانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە نەک کەنەدا، هەروەها ئێران ئەمەریکا بە شەیتانی گەورە” و “ئیسرائیلیش بە شەیتانی بچووک”.

ئەوەیش روونکراوەتەوە “ئێران شانەی نووستووی لەسەر ئاستی جیهانە زۆرە، بۆیە لەوانەیە لەم کاتی شەڕەدا لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل چالاکیان بکاتەوە ئەویش لە رێگەی ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆرەوە”.

ئەو گومان و باسانە دوای رووداوی تەقەکردن لە کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە شاری تۆرۆنتۆ دێت کاتێک لە 10ی مارسدا دوو چەکدار تەقەیان لێکرد و هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە و هێشتا ناسنامەی تەقەکەران و پەیوەندییان بە هیچ وڵات و لایەنێکەوە بەتەواوی رووننەبووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە راگەیاندنی ئاژانسی خزمەتگوزارییە سنوورییەکانی کەنەدا ئەوەی خستووەتەڕوو کەوا “حکومەتی کەنەدا 32 بەرپرسی باڵای ئێرانی نیشتەجێی کەنەدای ناسیوەتەوە و وەک کەسی گونجاو بۆ دەرکردن پۆلێنی کردوون و رێوشوێنی وردی بەرانبەریان گرتووەتەبەر”.

دوای کوژرانی مەهسا ئەمینی و فراوانبوونی ناڕەزایەتییەکان لە ساڵی 2022، حکومەتی کەندا لە بڕیارنامەیەکدا پێدانی مافی مانەوە و سەردانیکردنی بەرپرسانی ئێرانی بۆ وڵاتەکەی قەدەغەکرد، دواتر و لە ساڵی 2023 بڕیارنامەکەی فراوانترکردن و رەتکردنەوەی چوونە ناو وڵاتەکەی بۆ هەموو ئەو کەسانەیش قەدەغەکردن کەوا لەناو دەزگا جۆراوجۆرەکانی حکومەتی ئێراندا کارین کردووە.

* بەرپرسی دۆسیەی ئێران لە (مەودا میدیا).

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان