مەودا میدیا-
ئەمڕۆ چوار سەرۆكایەتییەكەی عیراق (سەرۆك كۆمار، سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی) لە کۆشکی سەلام كۆبوونەوەو جەختیان لە پاڵپشتیكردنی رێكارە ئەمنییەكانی حكومەت و لێپێچینەوە لە ئەوانەی لەرێگەی میدیاكانەوە پڕوپاگەندە بڵاودەكەنەوە کردەوە.
سەرۆكایەتییەكەی عیراق رایانگەیاند “لە کۆبوونەوەکدا جەختیان لە پابەندبوون بە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەكان و پێویستی پارێزگاریكردن لە رۆڵی میحوەری و هاوسەنگی عیراق لە بەهێزكردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكەدا کردووەتەوە”.
ئاماژەیان بۆ ئەوەشکرد “بەكارهێنانی خاكی عیراق بۆ هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ یان هەڕەشەكردن لە ئاسایشی ئەو وڵاتانە رەتدەکەنەوە، هەروەها ئەو دەستدرێژییانە رەتدەکەنەوە كە دەكرێنە سەر پارێزگاكانی عیراق و هەرێمی كوردستان و پێشێلكردنی سەروەری نیشتمانیی وڵات”.
ئەوەشیان خستەڕوو “جەخت لە دەستبەجێی راگرتنی پرۆسە سەربازییەكان لە ناوچەكەو رێزگرتن لە سەروەریی و سەربەخۆیی وڵاتان دەکەنەوە و داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش دەکەن جوڵەی خێرا بكات بۆ چارەسەركردن و رێگریكردن لە فراوانبوونی بازنەی ململانییەكە و پەنابردن بۆ رێگای دانووستان و دیپلۆماسی”.
ب ح