ئه‌مه‌ریكا راگرتنى به‌شێك له‌ داهاتى نه‌وتى عیراق راگه‌یاند

مه‌ودا میدیا-

ئه‌مه‌ریكا بڕیاریدا ناردنى به‌شێك له‌ داهاتى نه‌وتى عیراق بۆ وڵاته‌كه‌ رابگرێت، تا ئه‌وكاته‌ى كۆنترۆڵى گرووپه‌ چه‌كداره‌كانى ناوچه‌كه‌ ده‌كرێت.

رۆژنامه‌ى وۆڵستریت جورناڵى ئه‌مه‌ریكى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ بڵاویكرده‌وه‌ “ئەمه‌ریکا بڕیاریدا بە راگرتنی ناردنی 500 ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوتی عیراق”.

به‌پێى رۆژنامه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌ “ئه‌و بڕیاره‌ لە چوارچێوەی فشارەکانی واشنتۆندایە بۆ سەر بەغدا بۆ پرسی کۆنتڕۆڵکردنی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و هەروەها لە پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێ”.

هه‌رچه‌نده‌ له‌ چه‌ند رۆژى رابردوو ئه‌وه‌ بڵاوكرایه‌ كه‌ ناردنى دۆلار له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ بۆ عیراق و بانكى ناوه‌ندیی وڵاته‌كه‌ رانه‌گیراوه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا به‌ فه‌رمیی ئه‌وه‌ى راگه‌یاند.

رابه‌ر محه‌مه‌د، شاره‌زاى بوارى ئابوورى به‌ مه‌ودا میدیاى راگه‌یاند “له‌به‌ر ئه‌وه‌ى عیراق له‌ رووى ئابوورییه‌وه‌ له‌ ژێر هه‌یمه‌نه‌ى ئه‌مه‌ریكادایه‌، هه‌روه‌ها داهاتى نه‌وتى وڵاته‌كه‌ له‌ بانكى ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵده‌گیرێت، بۆیه‌ هه‌ر بڕیارێكى ئه‌مه‌ریكا دژى عیراق، راسته‌وخۆ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر نرخى دۆلار له‌ عیراق ده‌بێت”.

وتیشى “راگرتنى ناردنى به‌شێك له‌ داهاتى نه‌وتیی، واده‌كات عیراق پاره‌یه‌كى كه‌مترى له‌ به‌رده‌ستدابێت بۆ ئه‌وه‌ى بیخاته‌ بازاڕه‌وه‌، عیراقیش هه‌ڵكه‌وته‌ى به‌و جۆره‌یه‌، هه‌ر بڕێكى له‌و جۆره‌ راسته‌وخۆ نرخى دۆلار به‌رزده‌كاته‌وه‌”.

ئه‌و بڕیاره‌ى ئه‌مه‌ریكا كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر نرخى دۆلار و ئه‌گه‌رى به‌رزبوونه‌وه‌ى هه‌یه‌، به‌و پێیه‌ى وڵاته‌كه‌ پشت به‌ داهاتى نه‌وت و دۆلار ده‌به‌سێت له‌ لایه‌ن بۆ دابینكردنى مووچه‌و له‌لایه‌كیش بۆ خستنه‌بازاڕى دۆلار.

ع

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان