خەڵەف غەفور
پرۆژی هێڵی ئاسنی ئاشتی (ئاسنەڕێ یان ئاسنەڕێگە)، پرۆژەیەکی پێشنیازکراو و نزیک مەودای ئیسرائیلە، ئەو پرۆژەیە لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل (ئێستا) و وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی ئەوکاتی حکومەتی ئیسرائیل بۆ وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و وڵاتانی دیکەی عەرەبی پێشنیازکراوە.
نەخشەی پرۆژەکە
کاتز، سەرەتای پرۆژەکە پێشنیازی وابوو پرۆژەی ئاسنەڕێگەی ئاشتی بۆ پێکەوەگرێدانی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و ئیسرائیل بێت و بەشێکی بە خاکی ئوردون دا بڕوات و ئەو وڵاتەیش ببێتە بەشێک لە پرۆژەکە، بەڵام دواتر و لەمیانەی گفتوگۆ نهێنییەکانی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل (چەندین ماڵپەڕی هەواڵی عەرەبی ئاماژەیان پێکردووە)، باس لە فراوانترکردنی پرۆژەکە کراوە بەم شێوەیە:
ئیمارات و ئیسرائیل هەوڵی فراوانترکردنی پرۆژەی ئاسنەڕێگەی ئاشتی دەدەن بەشێوەیەک هیندستان بە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپاوە ببەستێتەوە و ببێتە رێڕەوێکی گرنگی بازرگانیی هاوبەش و دەرفەتێکیش بڕەخسێنێت بۆ دانانی کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە.
گرنگی پرۆژەکە بۆ ئیسرائیل
ئیسرائیل لە (پرۆژەی ئاسنەڕێگەی ئاشتی)دا چەندین ئامانجی هەیە وەکوو:
یەکەم: بەندەری حەیفا بە کەنداوی عەرەبییەوە دەبەستێتەوە بەتایبەت سعودیە و ئیمارات لە رێگەی ئوردونەوە.
دووەم: ئیسرائیل دەکاتە سەنتەرێکی گرنگی گواستنەوە بازرگانییەکان لە ناوچەکەدا.
سێیەم: فاکتەرێکی گرنگ دەبێت بۆ ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە و دەبێتە تەواوکەری پرۆژەی ئیبراهیمی.
چوارەم: هەروەها بەپێی سەرچاوە رەسمییەکان ئەو رێگە ئاسنینە دەبێتە دەستەبەرێکی باشی سەلامەتی و خێرایی بازرگانی و جێگرەوەیەکی باشە بۆ رێگەی دەریایی.
پێنجەم: لەو رێگەیەوە ئیسرائیل رۆڵی گرنگ و میحوەریی میسر لە بەرژەوەندیی ئیمارات و وڵاتەکەی لەقاڵبدات و دەبێتە خاوەن رێگەیەکی بازرگانیی گرنگ.
شەشەم: عەلی باکیر، نووسەر و توێژەری لوبنانی دەڵێت “ئەو پرۆژەیە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی دەکاتە شوێنکەوتەی ئابووریی ئیسرائیل و هەروەها مەترسییە ئەمنییەکانیش زیاتر دەکات”.
دژبەرانی پرۆژەی (پرۆژەی ئاسنەڕێگەی ئاشتی) کێن؟
لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و بەڕوونی چەند وڵاتێکی کەم دژی پرۆژەکەن، بەوپێیەی وای لێکدەدەنەوە کە دژی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیانە و لە داهاتوودا مەترسیی گەورەتریش دروستدەکات، بۆ نموونە (دەسەڵاتی کاتیی فەلەستین و کۆماری میسری عەرەبی) دوو دژ و نیگەرانن سەبارەت بە پرۆژەکە، بەتایبەت میسری سەردەمی عەبدولفەتاح سیسی دەیەوێ رۆڵی گەورەی لەسەر ئاستی ناوچەکە هەبێت و ببێتە رووگەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، هەروەها لەسەر ئاستی گوتاری سیاسی و عروبی، خۆی وەکوو وڵاتێکی دژی ئیسرائیل و پشتیوانی فەلەستین دەخاتەڕوو.
تورکیا و (پرۆژەی ئاسنەڕێگەی ئاشتی)
تورکیا لە سەردەمی رەجەب تەیب ئەردۆغاندا لە زۆر وێستگە و پرۆژەدا دژی ئیسرائیل وەستاوەتەوە، لەگەڵ ئەوەی لەسەر ئاستی بازرگانی و بەتایبەت دابینکردنی بەشێکی غازی وڵاتەکەی لەلایەن ئیسرائیلەوە، پەیوەندیی باشیان هەیە، بەڵام لەنێوان ساڵانی حوکمی ئەردۆغان دا (٢٠٠٣ تاکوو ئێستا)، پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە سەقامگیریی بەخۆیەوە نەبینیوە.
تێڕوانینی تورکیا بۆ دژوەدستانەوەی (پرۆژەی ئاسنەڕێگەی ئاشتی)ی نێوان ئیسرائیل و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی پەیوەندیی بە مێژووی پرۆژەیەکی هاوشێوەی ئیمپراتۆریای عوسمانییەوە هەیە بەناوی (هێڵی ئاسنی حیجاز).
(هێڵی ئاسنی حیجاز) چییە؟
بیرۆکەی ئەو پرۆژەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٦٤ی سەردەمی سوڵتان عەبدولعەزیزی یەکەم، بەڵام بەهۆی کێشە و بەربەستی زۆرەوە نەخرایە بواری جێبەجێکردنەوە، پاشان لە ساڵی ١٩٠٠ و لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم پرۆژەی (هێڵی ئاسنی حیجاز) خرایە بواری جێبەجێکردنەوە بەم شێوەیە:
پرۆژەی هێڵی ئاسنی حیجاز، بەپێی سەرچاوە رەسمییەکان لە دیمەشقەوە دەستیپێکردووە بە دوو ئاراستەی جیاواز، ئاراستەی یەکەمیان بەرەو ئوردون و دواتر بەرەو شارەکانی نابلس و حەیفا و عەکا دەچوو و دواتریش بەرەو میسر، ئاراستەی دووەمیان بەرەو عەممان و مەفرەق و زەرقا تا دەگەیشتە حیجاز و شاری مەدینەی پیرۆز.
ئەم پرۆژەیە سێ ئامانجی سەرەکیی هەبوو:
یەکەمیان: ئیمپراتۆریای عوسمانی دەیویست هەژموونی خۆی لەسەر ئیمارەت و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی زیاتر بسەپێنێ و ئامادەیی هەبێت.
دووەمیان: بۆ گەیاندنی کۆمەک و هاوکارییە سەربازی و لۆجستییەکان گرنگ بوو.
سێیەم: ئاسانتر پەیام و پەیوەندییەکان دەگەیشتنە یەکتر.
چوارەم: گواستنەوەی حاجیان بۆ جێبەجێکردنی حەج و عومرە ئاسانتر و تێچووکەیشی کەمتر دەبووەوە، بۆ نموونە دەوترێت گواستنەوەی حاجیانی دیمەشق و ئەنادۆڵی لە ٤٥ رۆژەوە بۆ تەنها پێنج رۆژ کەمکردووەتەوە.
پرۆژەی هێڵی ئاسنی حیجاز پێش ئەوەی تەواوبکرێت، لە ساڵی ١٩١٦ و بەهۆی جەنگی یەکەمی جیهانییەوە کۆتاییهات و تائێستا ئەو خەونە لای تورکیا و عوسمانییە نوێیەکان هەر ماوە.
تورکیا دژی جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە لەبەر سێ خاڵی سەرەکی:
یەکەم: پێیوایە ئەو بردن یان دزینی بیرۆکەی هێڵی ئاسنی حیجازە کەوا ئیمپراتۆریای عوسمانی پێش زیاتر لە سەدەیەک هەیبووە و جێبەجێی کردووە.
دووەم: تورکیا پێی وایە لە ئەگەری جێبەجێکردنی (پرۆژەی ئاسنەڕێگەی ئاشتی)دا کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابووری و بازرگانیی وڵاتەکەی دەبێت، ماڵپەڕی ئەنادۆڵ لە راپۆرتێکیدا ئەوەی شیکردووەتەوە پرۆژەکە دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی تورکیا لە بازرگانیکردن لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و جیهانی ئیسلامی و ئەوەیش مەترسییەکی گەورەیە.
سێیەم: تورکیا لەگەڵ عیراق و کۆمەڵێک وڵاتی دیکە سەرقاڵی جێبەجێکردنی (پرۆژەی رێگەی گەشەپێدانە)، بەشیوەیەک سوودی زۆری بۆ گەشەی ئابووری و بازرگانییەکەی دەبێت و دەیکاتە ژمارەیەکی قورس لە هاوکێشە سیاسی و ئابوورییەکانی ناوچەکەدا، بۆیە نایەوێت هیچ پرۆژەیەکی گرنگی ئابووری ببێتە رکابەری پرۆژەکەی.