مەودا میدیا-
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند رێژەی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە زیادیكردووە، بەڵام لە سەرووی ستانداردەوە نییە، ئاماژەی بەوەشکرد لە سێ مانگ و نیوی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا، ٣٥ بۆ ٤٠ منداڵی تووشبوو بە نەخۆشیی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەکەیان چارەسەریان وەرگرتووە.
دكتۆر یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “بەشی منداڵانی نەخۆشخانەی هیوا یەكێكە لە هەستیارترین بەشەكانی نەخۆشخانەكە و لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی كوردستان پێشكەوتووترین خزمەتگوزاری و چارەسەری تێدا بە منداڵان پێشكەش دەكرێت”.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا باسی لەوەشکرد “لە سەرەتای ساڵەوە تا ئەمڕۆ ١٥ی ٣ی ٢٠٢٦، ١٠٩ منداڵ لە نەخۆشخانەكەمان تۆماركراون كە ٣٥ بۆ ٤٠ حاڵەتیان تووشبووی شێرپەنجەن و ئەوانەی دیكەش تووشبووی نەخۆشییەكانی خوێنن و سەرجەمیان لە نەخۆشخانەی هیوا چارەسەر وەردەگرن”.
سەبارەت بە ئاستی خزمەتگوزارییەکانی نەخۆشخانەکەیان، دکتۆر یاد نەقشبەندی ئەوەی روونکردەوە و رایگەیاند “پێشكەوتووترین خزمەتگوزاری و چارەسەر بۆ تووشبووانی شێرپەنجە لەسەر ئاستی عیراق لە نەخۆشخانەی هیوایە”.
“نەخۆشخانەی هیوا زۆرترین نەخۆشی لە خواروو و ناوەڕاستی عیراقەوە بۆ دێت و بێ جیاوازیی هەموویان لە نەخۆشخانەکەمان چارەسەر وەردەگرن”، دكتۆر یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا وای وت.
لەبارەی زۆربوون و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی شێرپەنجەوە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەڵێت “بەراورد بە 10 ساڵی رابردوو، ئێستا رێژەی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە زیادیكردووە، بەڵام لە سەرووی ستانداردەوە نییە”.
خ.غ