مەودا میدیا-
دەزگای دژەتیرۆری عیراق ئاشکرایکرد بە قووڵی پەشیمانی خۆی بۆ ئەو زیانانە دەردەبڕێت کە بەسەر هاوڵاتییاندا هاتووە و سەرەخۆشی لە دڵەوە و هاوخەمی دڵسۆزانە ئاڕاستەی کەسوکاری ئەو دوو شەهیدە دەکات، راستەوخۆ دوای رووداوەکە، و لەسەر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش پێکهێنراوە.
دەزگای دژەتیرۆری عیراق رایگەیاند “ئۆپەراسیۆنەکە لە چوارچێوەی ئەرکی نیشتمانی ئەنجامدراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان و پووچەڵکردنەوەی پلانەکانیان، بەلام هێزەکەی دژە تیرۆر لە ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی چڕدا راوەدوی دوو تیرۆریستیانداوە، کە یەکێکیان پشتێنی بۆمبڕێکراوی پێوەبووە و ئەوی تریش چەکدار بووە، بەنیازبوون کردەی تیرۆریستی لەنێوان خەڵکی مەدەنیدا بکەن”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “دووپاتی دەکەنەوە کە پاراستنی هاوڵاتییان و پاراستنی ژیان و سەلامەتییان ئەرکی سەرەکییە و پابەندە بە یاسا و رێسا کارپێکراوەکان، هەروەها بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و پیشەیی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا، هاوکات دڵنیابوون لە ئاشکراکردنی تەواوی راستییەکان و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لە ژێر ڕۆشنایی دەرەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە”.
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە، 27ی مانگی رابردوو، بەهۆی پێکدادانێک لەنێوان دەزگای دژەتیرۆری عیراق و چەکدارانی داعش لە شارۆچکەی پردێی سنووری نێوان کەرکوک، دوو گەنجی کورد بە ناوەکانی (موراد زانا) و (محەمەد هێمن) شەهیدکران، هەرچەندە دوای دوو رۆژ تەرمی محەمەد لە نەخۆشخانەی ئازادی دۆزرایەوە و لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بە ئەندامی داعش ناسێندرابوو، ئەمەش کاردانەوەی توندی کەسوکاری ئەم گەنجە و هاوڵاتییانی کوردی لێکەوتەوە.
ب ح