بڕیارەکەی عەلی زەیدی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

مەودا میدیا-

نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق سەرجەم گرێبەستەکان بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەکات بە هەمیشەیی و 120 هەزار دەرچووی دانەمەزراو لە پڕۆژە یاساکەدا دادەمەزرێن.

عەلی رەئوف مستەفا، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست بە مەودا میدیای راگەیاند “بەپێی بریارێکی پێشووی عەلی زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق هەر کارێک بۆ گرێبەستەکانی عیراق بکرێت، هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، شاندی هەرێم لەگەڵ وەزیری دارایی سەبارەت بە پشکی هەرێم لە بودجە، بە هەمیشەییکردنی گرێبەستەکان، دامەزراندنی سێ یەکەمەکان و دامەزراندنی نوێ کۆدەبنەوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لەئێستادا رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی بۆری نەوتی کوردستانەوە هەناردەی دەرەوە دەکرێت و هەردوو حکومەتی هەرێم و عیراق لەسەر زۆربەی بابەتەکان رێککەوتوون تەنها سیستمی ئەسیکۆدا ماوە، شاندی هەرێم لە بەغدایە و رێککەوتن لەسەر دەروازە سنوورییەکانیش دەکرێت”.

ئەمە لە کاتێکدایە، ژمارەی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە 37 هەزار و 933 مامۆستایە و ژمارەی مامۆستایانی خوێندنی باڵا چوار هەزار و 100 مامۆستایە، کە کۆی گشتیی ژمارەی مامۆستایانی گرێبەستی هەر دوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا 42 هەزار و 33 مامۆستایە و مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆ دابین دەکرێت.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان