چی روودەدات كاتێك بۆ ماوەی 10 چركە ماچی كەسێك دەكەیت ؟

مەودا میدیا-
كاتێك بۆ ماوەی 10 چركە كەسێك ماچ دەكەیت، نزیكەی 80 ملیۆن بەكتریا لەگەڵیدا ئاڵوگۆڕ دەكەیت، واتا لە تەنها ماچێكدا، دوو جیهانی تەواوی میكرۆبی بەر یەك دەكەون.

لەوانەیە وا بیر بكەیتەوە كە ماچكردن تەنها هەستێكی رۆمانسییە، بەڵام جەستەت ئەوە وەك یەكێك لە گەورەترین ئاڵوگۆڕەكانی بەكتریا ئەزموون دەكات كە لەگەڵ مرۆڤێكی تردا ئەنجامی دەدات، ئەو رووداوەش كە دوای ئەم ئاڵوگۆڕە روودەدات، زۆر سەیرتر و جوانترە لەوەی چاوەڕێی دەكەیت.

ئەمە تەنها خەمڵاندنێك نییە، توێژەرە هۆڵەندییەكان لە كاتی ماچكردندا لە هاوسەرەكانیان كۆڵیوەتەوە و بڕی ئەو بەكتریایەی نێوان دەمیان پێواوە. ئەوان بۆیان دەركەوت كە ماچێكی قوڵی 10 چركەیی نزیكەی 80 ملیۆن بەكتریا لە كەسێكەوە بۆ كەسەكەی تر دەگوازێتەوە.

دەمی تۆ شوێنی ژیانی زیاتر لە 700 جۆری بەكتریایە، كە كۆمەڵگەیەك دروست دەكەن بە ناوی “مایكرۆبایۆمی دەم”. مایكرۆبایۆمی دەمی تۆ وەكو پەنجەمۆری دەستت تەواو تایبەت و جیاوازە، كاتێك كەسێك ماچ دەكەیت، تەواوی دانیشتووانی میكرۆبیی خۆت بە لایەنەكەی تر دەناسێنیت، ئەویش بە هەمان شێوە هی خۆیت پێ دەناسێنێت.
بەشە سەرنجڕاكێشەكەی بابەتەكە لێرەدایە كە توێژەران دۆزیویانەتەوە، ئەو هاوسەرانەی زۆر یەكتر ماچ دەكەن (واتە لە رۆژێكدا نۆ جار یان زیاتر)، مایكرۆبایۆمی دەمیان بە رێژەیەكی دیاریكراو و پێوانەكراو لێكچووتر بووە لەو هاوسەرانەی كەمتر یەكتریان ماچ كردووە.

هەرچەندە زیاتر كەسێك ماچ بكەیت، بەكتریای دەمتان زیاتر لە هی ئەوان دەچێت. هێواش هێواش پێكەوە واژۆیەكی میكرۆبیی هاوبەش دروست دەكەن. بە مانای بایۆلۆجیی راستەقینە، ئەو هاوسەرانەی ماوەیەكی زۆرە پێكەوەن، بەشێك لە ئیكۆسیستەمی ناوەوەی هاوبەشی خۆیان پێكەوە گەشە پێدەدەن. جەستەیان بە جۆرێك دەبێتە یەك كە هەرگیز كەس پێی نەوتوون.

ئەم ئاڵوگۆڕە یارمەتی جەستەت دەدات لەگەڵ مایكرۆبی نوێ ئاشنا بێت، بەرگریت بەهێز بكات، وەك راهێنانێكی بچووك وایە بۆ كۆئەندامی بەرگریت، لە هەمان كاتدا مێشكت بە تەواوی چالاك دەبێت،
ئۆكسیتۆسین دەردەدات، هۆرمۆنی پەیوەندی و بەستنەوە، كە هێمنی و نزیكی دروست دەكات.
هەروەها ئەندۆرفین دەردەدات كە هەستی چێژ و ئاسوودەیی دەبەخشێت.
دۆپامینیش دەردەدات، هەمان ئەو ماددەیەی چالاك دەبێت كاتێك شتێكت زۆر بە دڵ دەبێت.
لەكاتێكدا ئەمە ڕوودەدات، جەستەت دەكەوێتە دۆخی ئامادەباشیی ئەرێنییەوە؛ لێدانی دڵت خێراتر دەبێت، شێوازی هەناسەدانت دەگۆڕێت، و كۆرتیزۆڵ دادەبەزێت كە هۆرمۆنی دڵەڕاوكێ و سترێسە. هەر بۆیە ماچێك دەتوانێت لە هەمان كاتدا هەم ئارامت بكاتەوە و هەم بەجۆشت بكات.


وەرگێڕان، ئەرسەلان پەرۆش

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان